کەناڵی 12 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە سوپای ئەو ڕژێمە داوایکردووە کۆتایی بە پرۆسە سەربازییەکانی غەززە بهێندرێت و شەڕی دژ بە لوبنان دەست پێبکرێت.
سەبارەت بەم هەواڵە چەندین تێبینی هەیە. ئەوەی کە سەرچاوەکەی سوپای ڕژێمی زایۆنیستییە نەک کابینەی ڕژێمی زایۆنیستی کە ئەرکی داڕشتنی ستراتیژ و ئامانجە سەربازییەکانی لە ئەستۆیە و خاڵی سەرسوڕهێنەر ئەوەی کە هەواڵەکە لە میدیاکان و چاپەمەنییەکانی ڕژێمی زایۆنیستیدا بە ئاشکرا بڵاو بووەتەوە، لە کاتێکدا سوپا بە هۆی هەستیاری بابەتەکەوە دەیتوانی تێبینییەکانی بە نهێنی ڕادەستی بەرپرسانی باڵای سیاسیی بکات.
لە هەمان کاتدا هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی شەڕ لە لایەن بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستییەوە گوزارشت لە بوونی ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان سەرکردە باڵا سیاسی و سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە دەکات.
لە گەرمەی ئاڵۆزییەکاندا عاموس هوخشتاین نێردەی تایبەتی جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا سەردانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستینی کرد و لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی کۆبووە و سەبارەت بە کێشە و مەترسییەکانی هێرشکردنە سەر لوبنان، سەرکردەکانی ئەو ڕژێمەی ئاگادار کردەوە.
بەرەی باکور لە پاش ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا ئازاری سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی داوە و حزبوڵڵا ئەوەی سەلماندووە کە بە کەڵک وەرگرتن لە توانانی دەتوانێت هاوکێشەکان لە بەرژەوەندی خۆیدا بگۆڕێت. حزبوڵڵا وەک پشتیوانییەک بۆ خەڵکی بێ تاوانی غەززە زیانێکی زۆری مادی و سەربازیی بە سەر زایۆنیستەکاندا سەپاندووە. کۆی گشتی ڕووداوەکانی هەشت مانگی ڕابردوو وایکردووە کە بەرپرسانی زایۆنیست لە سەر توانای ڕوبەڕوبونەوەی حزبوڵڵای لوبنان و کێشە و مەترسییەکانی کردنەوەی بەرەیەکی دیکەی شەڕ، هۆشداری بدەنە نتانیاهۆ.
سوپای داگیرکاری زایۆنیستی نەک تەنیا هیچ ئامانجێکی لە شەڕی غەززەدا مسۆگەر نەکردووە بەڵکوو زیانێکی زۆری مادی و سەربازیشی بەرکەوتووە و بە سەدان سەرباز و ئەفسەر و پلەداری خۆیی لەم شەڕەدا لە دەست داوە.
ئەوەی کە تا ئێستا پلان و پرۆژە سەربازییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستیی لە کەرتی غەززە ڕوبەڕوی شکست کردووەتەوە، یەکڕیزی لایەنەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین، لوبنان، یەمەن و عێراق بووە و ئەو ستراتیژە هاوبەشەیە کە لە ئەگەری هەر هەڵەیەکی نتانیاهۆ لە دژی لوبنان، وەڵامێکی بەهێز و توندی دەداتەوە کە ژیانی سیاسیی دەخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
ئایا هێزە لاواز و ماندووەکانی سوپای داگیرکاری زایۆنیست دەتوانن لە بەرەیەکی دیکەدا شەڕی حزبوڵڵای لوبنان بکەن؟ ئەو حزبوڵڵایەی کە زۆر بەهێزترە لە خۆڕاگریی گەمارۆدراوی فەڵەستین لە غەززە و تا ئێستا لە پاش 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تەنیا لە سەدا 5 ی توانا سەربازییەکانی بەکارهێناوە و ئەو هەموو زیانەی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا سەپاندبووە، بەدەر لەمەش لە ناوچەیەکی زۆر گرنگ و ستراتیژیی لوبنان، ناوچەکە و جیهاندایە./.