بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق بریک لە وتاریکدا کە لە ڕۆژنامەی مەعاریۆ بڵاو بووەتەوە، ڕایگەیاندووە کە ” سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئیسرائیل کە لە 7 ی تشرینی 2023 گەورەترین شکست و سەرشۆڕیی مێژوویان بەدیاری هێنا، هەوڵی شکست و کارەساتێکی دیکە دەدەن، بەڵام ئەو شەڕە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕێکی ناوچەیی لە دژی ئیسرائیل زیاتر دەکات و سەدان هەزار جار زیاتر کارەساتەکەی لەوانەی پێشوو گەورەتر دەبێت “.
ناوبراو لە درێژەدا ڕایگەیاندووە کە ” سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزیری بەرگری پرۆژە پێشنیارێکی هێرشی سەربازیی چەند قۆڵییان لە دژی حزبوڵڵا ڕادەستی سەرۆک وەزیران کردووە و ئەویش ڕەزامەندی لە سەر دەربڕیوە. ئەو پرۆژەیە دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل لە شەش بەرەو ببێتە ئامانجی هێرشەکان و ڕۆژانە هەزاران مووشەک و ڕۆکێت و درۆن ئاراستەی بکرێت. ئەم پرۆژەیە بە واتای خۆکوژی بەکۆمەڵی ئیسرائیلە بە سەرکردایەتی نتانیاهۆ و سەرۆک ئەرکانی سوپا و وەزیری بەرگری (شەڕ)، ئەوان یاری بە چارەنووسی ئیسرائیلەوە دەکەن و بەرەو دۆزەخی دەبەن “.
بریک ڕایگەیاندووە کە ” هەر ئەم فەرماندە سەربازییانە بوون کە لە پرۆسەی لەناوبردنی حەماس لە ناوچەیەکی بچووک و گەمارۆدراوی وەک غەززە شکستیان هێنا، هێزی وشکانی ئیسرائیل بچووکە و ناتوانێت بۆ ماوەیەکی زۆر لەو ناوچانەی داگیری دەکات بمێنێتەوە، ئیسرائیل هێزی سەربازیی زیادەی نییە و بەم هۆیەوە دەبینین کە حەماس دیسانەوە ڕێکخستنی کردووە و گەڕاوەتەوە هەندێک ناوچە. لە ئێستادا سەرکردە سیاسی و سەربازییەکان بڕیاریان داوە بە شەڕی دژ بە حزبوڵڵا، ئیسرائیل بەرەو شەڕێکی ناوچەیی ببەن. لوبنان، سوریا، سنورەکانی ئەردەن، تەقینەوەی دۆخی کەرتی خۆرئاوای فەڵەستین و غەززە و ئاڵۆزییە ناوخۆییەکانی ئیسرائیل، هەموو ئەمانە دەبنە هۆکاری لاوازبوونی و ڕەنگە میسریش پەیوەندی بەو شەڕە ناوچەییەوە بکات “.
ئەو ژنڕاڵە خانەنشینەی ڕژێمی زایۆنیستی لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە ” سوپای بچووکی ئیسرائیل تەنانەت ناتوانێت لە یەک بەرەدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت، ئاشکرایە کە لە شەش بەرەی هاوکاتدا ناتوانێت بەرگری بکات. سوپای ئیسرائیل بە تایبەت لە بواری چەکدا کێشەی هەیە، هەر بۆیە شەرێکی گەورە دەبێتە کارەسات و کاولکاری بۆ ئیسرائیل و تێیدا بەردەوام نابێت “./.