بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی الاخبار ی لوبنانی ڕایگەیاندووە کە کەتیبەکانی حزبوڵڵا، کەتیبەکانی سەیدئەلشوهەدا و بزوتنەوەی نۆجەبا وەک سێ لایەنی خۆڕاگریی عێراق ڕایانگەیاندووە کە لە ئەگەری ڕەزامەندی حزبوڵڵای لوبنان، ئامادەیی ئەوەیان هەیە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەسدرێژییەکی زایۆنیستەکان بۆ سەر لوبنان لە گەڵ حزبوڵڵا بن.
ئەو ڕۆژنامەیە لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەکی خۆڕاگریی ئیسلامی عێراق ڕایگەیاندووە کە ئەو سێ لایەنەی خۆڕاگریی عێراق پشتیوانی خۆیان بۆ حزبوڵڵای لوبنان دووپات کردووەتەوە.
هاوکات کازم فەرتوسی وتەبێژی کەتیبەکانی سەیدئەلشوهەدای عێراق ڕایگەیاندووە کە حزبوڵڵای لوبنان خاوەن توانایەکی سەربازییە و دەتوانێت بە باشترین شێواز ڕوبەڕوی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی ببێتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەگەر پێویست بکات هێزەکانی خۆڕاگریی عێراق لە گەڵ برایانی خۆیان لە لوبنان ڕوبەڕوی زایۆنیستەکان دەبنەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەمە خەباتێکی عەرەبی و ئیسلامییە و هیچ سنورێک ناناسێت./.