بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا هۆشدارییدا کە ئەگەر قوبرس موڵەتی بەکارهێنانی بەندەرەکان و فڕۆکەخانەکانی بۆ بەئامانجگرتنی خاکی لوبنان بە ڕژێمی زایۆنیستی بدات، دەتوانێت بکەوێتە ژێر کاریگەرییەکانی شەڕەوە. ناوبراو جەختیکردەوە کە ” ئێمە هۆشداری بە حکومەتی قوبرس دەدەین کە ئەگەر بڕیاری لەو شێوەیە بدات دەبێتە بەشێک لە شەڕەکەوە. ئێمە درێژە بە هاوکاریکردنی غەززە و فەڵەستین دەدەین و بۆ هەر ئەگەرێک ئامادەین و هیچ مەترسییەک ئێمە لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە پاشگەز ناکاتەوە “.
لە کاردانەوەدا ” نیکۆس کریستۆدولیدس ” سەرۆک کۆماری قوبرس ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی لە هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناوچەکە یان شوێنەکانی دیکە بەشداری و دەستێوەردانی نییە. ناوبراو بانگەشەی ئەوەیکرد کە وڵاتەکەی بەشێکە لە چارەسەرەکان نەک کێشە و قەیرانەکان و ڕۆڵی قوبرس بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان بۆ غەززە لە لایەن جیهانی عەرەب و کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە بە فەرمی ناسراوە.
دۆسیەی بنکە سەربازییەکان
زانیاری و هەواڵی تایبەت بە بەکارهێنانی بنکە سەربازییەکانی قوبرس لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لە بەردەستدا نییە و هێشتا وەڵامی ئەو پرسیارەش دیار نییە کە ئایا حکومەتی قوبرس وەها موڵەتێک بە رژێمی زایۆنیستی دەدات یان نە؟ بەڵام پەیوەندییەکانی نێوان قوبرس و ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی ڕابردوودا بەرەوپێشچوونی زۆری بە خۆوە بینیوە. لە ڕابردوودا هەندێک کات قوبرس موڵەتی بەکارهێنانی هەرێمی ئاسمانیی خۆیی بە فڕۆکەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ مانۆڕە سەربازییەکان دەدا.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی ساڵی ڕابردوو مانۆڕێکی سەربازیی لە خاکی قوبرسدا بە ناوی ” خۆری ئاوی ” دەستپێکرد کە وەک نمایشێک بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان بووە.
لە ئایاری 2022 سەدان سەربازی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و لەوانەش هێزە تایبەتەکانی ئەو ڕژێمە لە کۆتا هەفتەی مانۆڕە یەک مانگە سەربازییەکەدا سەردانی قوبرسیان کرد تا لە نمایشێکی سەربازیدا بەشداری بکەن کە بۆ ئەگەری هێرشی سەر لوبنان و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران داڕێژرابوو.
لە ئاداری ساڵی 2016 وەزارەتی بەرگری قوبرس ڕایگەیاند کە مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی دەستپێکردووە. ئەو دامەزراوە سەربازییە ڕایگەیاندبوو کە مانۆڕەکە بە ناوی (Oni̇si̇llos-Gedeon 1- 2016) لە پێناو جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی هاوکارییە سەربازییەکانی نێوان هەر دوو لادا بووە.
لە ئاداری 2023 میدیایەکی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاند کە تەل ئەبیب لە ئەگەری بەئامانجگرتنی بەندەری حەیفا هەوڵ دەدات بەندەری قوبرس بە بیانووی پشتیوانی لە هاوردەکردنی کاڵا کۆنتڕۆڵ بکات.
بەریتانیا دوو بنکەی سەربازیی بە ناوەکانی ” ئاکرۆتیری و داکلیا ” لە خاکی قوبرسدا هەیە کە کۆنتڕۆڵیان لە ژێر دەستی لەندەنە. تشرینی دووەمی 2023 وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ڕایگەیاند کە بۆ دۆزینەوەی دیلە زایۆنیستەکان گەشتی فڕۆکە و درۆنەکان لە غەززە لەم دوو بنکە سەربازییەوە دەستپێکردووە./.