بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد تەیب سەحرایی پارێزگاری کرماشان لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ڕووداو (لە میانەی سەردانی شاندێکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ هەولێر) ڕەخنەی ئەوەی گرتووە کە لە هەرێمی کوردستان وەکوو پێویست گرنگی بە جلوبەرگ و کەلتوری کوردی نادرێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە زمان و دابونەریتی کوردی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کرماشانە و وەک پارێزگار هانی بەکارهێنانی زمانی کوردیی داوە.
سەحرایی هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە پارێزگای کرماشان ڕێژەی پۆشینی جلوبەرگی کوردی زۆرە بەڵام لە هەولێر دە کەسی نەبینیوە بە جلوبەرگی کوردییەوە.
پارێزگاری کرماشان ڕایگەیاندووە کە زمان و دابونەریت و جلوبەرگی کوردی لەم پارێزگایە لە هەولێر زیاتر و بەرچاوترە./.