بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا پێش سەردانەکەی 19 ی حوزەیرانی 2024 بۆ ڤێتنام، پاش 24 ساڵ سەردانی کۆریای باکوری کرد و لە گەڵ کیم جونگ ئون سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆبووە. هەر دوو لا ڕێکەوتنێکی هاوکاری ستراتیژی و بەرگرییان واژۆ کرد.
بەدەر لەوەش، سەردانەکەی مانگی ڕابردووی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ چین بووە هۆی ئەوەی کە یەکێک لە سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکان دان بەوەدا بنێت کە هەوڵەکانی چەندین دەیەی واشنتن بۆ دوورخستنەوەی مۆسکۆ لە پەکین شکستی هێناوە.
ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ لە سەر زاری چەندین سەرچاوەی نەناسراو ڕایگەیاندووە کە خێرایی و قوووڵی پەرەسەندنی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان دوژمنانی ئەمریکا، شرۆڤەکارانی هەواڵگریی ئەم وڵاتەی تووشی سەرسوڕمان کردووە. ڕووسیا و وڵاتانی دیکە کەلێنە مێژووییەکانیان وەلاوە ناوە تا پێکەوە ڕوبەڕوی سیاسەتەکانی ئەمریکا یان سیستەمی جیهانیی سەرکردایەتیکراو لە لایەن ئەو وڵاتەوە ببنەوە.
واشنتن، پیۆنگ یانگی بە ناردنی پسپۆڕان و شارەزایانی وەبەرهێنانی چەک و کەرەستەی سەربازی و هەروەها فرۆشتنی مووشەک و پێداویستی تۆپخانە بە ڕووسیا تۆمەتبار کردووە تا لە شەڕی ئۆکراینا بەکاریان بێنێت.
ئەمریکا هەروەها ڕایگەیاندووە کە چین بە هەمان شێوە لە ڕووی سەربازییەوە هاوکاری ڕووسیا دەکات تا لە کاریگەری سزاکانی ڕۆژئاوا کەم بکاتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە پەکین پڕوپاگەندەکانی واشنتنی ڕەتکردووەتەوە و سزاکانی بە تاکلایانە و نایاسایی ناو بردووە.
سەرچاوە نەناسراوەکان بە ڕۆژنامەی ۆڵ ستریت ژوورناڵ یان ڕاگەیاندووە کە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان ڕووسیا و کۆریای باکور، چین و ئێران بە واتای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربازی هاوشێوەی ناتۆ نییە بەڵام هاوکاری و ئاڵوگۆڕی دووقۆڵی لە نێوان ئەواندا هەیە./.