بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بزوتنەوەی ” ئەنساروڵڵای ئەوفیا ” و سەرکردەکەی بە ناوی ” حەیدەر غەراوی ” ی خستووەتە ڕیزی گرووپ و کەسانی تیرۆریستییەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم گرووپە بەشێکە لە بەرەی خۆڕاگری لە عێراق و لە گەڵ کەتیبەکانی حزبوڵڵا، بزوتنەوەی نۆجەبا و کەتیبەکانی سەیدئەلشوهەدا بەردەوام هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەم وڵاتە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
بزوتنەوەی ئەنساروڵڵای ئەوفیا لە ساڵی 2013 لە پارێزگای میسان لە باشوری عێراق و پاش ناکۆکی و جیابوونەوەی هێزەکانی لە سوپای مەهدی، عەسائیبی ئەهلی حەق و بزوتنەوەی نۆجەبا پێکهێنرا.
لە ساڵی 2014 ئەم گرووپە بە ناوی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و بە هێزێکی چەکدارەوە پەیوەندی بە حەشدی شەعبییەوە کرد.
سەرۆکی گرووپە کەسێکە بە ناوی حەیدەر مەزهەر مالک سەعیدی ناسراو بە حەیدەر غەراوی، 51 ساڵە و ئەندامی پێشووی سوپای مەهدی کە لە لایەن موقتەدا سەدرەوە لە ساڵی 2003 پێکهێنرا.
لە گرنگترین هێرشەکانی ئەم گرووپە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا دەتوانین ئاماژە بە هێرشە درۆنییەکەی 23 ی تشرینی یەکەمی 2023 بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتیی عومەر و شەدادی سوریا، هێرشی 8 ی کانوونی یەکەمی 2023 بۆ بنکەی سەربازیی کونیکۆ لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا و هێرشی مووشەکی و ڕۆکێتیی 20 ی کانوونی دووەمی 2024 بۆ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار بدەین.
ئەم گرووپە هەروەها لە 28 ی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 بە هێرشێکی درۆنی بووە هۆی کوژرانی 3 سەربازی ئەمریکی لە ئەردەن./.