بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەحمەد عەبدولهادی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” المیادین ” دا ڕایگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی بە هۆی هێرش و ئۆپەراسیۆنەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و بەرەی خۆڕاگری بە گشتی، سەرلێشێواوە و لە قەیرانێکی قووڵدایە.
ناوبراو وتی: هاوکات لە گەڵ سەرکەوتنە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی سەرکردەکانی حەماس، ئاستی کارامەیی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی خۆڕاگریش لە زیادبووندایە و داگیرکاران لە چەقبەستووییەکی سیاسی و ستراتیژیدان کە هیچ ڕێگایەکی دەربازبوونیان لێی نییە.
نوێنەری حەماس لە لوبنان هەروەها ڕایگەیاند کە هەڵوەشانەوەی کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی پیشان دەدات کە لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا ئەو ڕژێمە لە چ دۆخێکی شڵەژاوی سەربازیدا شەڕی هێزەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین و بەرەی خۆڕاگری بە گشتی دەکات.
ئەحمەد عەبدولهادی بە ئاماژە بە دانوستانەکانی ئاگربەستیش وتی کە ئەمریکا نایەوێت خۆڕاگریی فەڵەستین هیچ دەسکەوتێکی هەبێت بەڵام خۆڕاگری واز لە مەرج و داواکارییەکانی ناهێنێت کە پارێزەری دەسکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا دەبێت./.