بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بە تێپەڕبوونی 9 مانگ بە سەر ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا و هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر کەرتی غەززە، ئەو ڕژێمە هاوکات لە دوو بەرەدا سەرقاڵ کراوە. میدیایەکی بەریتانی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی قورس و قەدەغەکراو و پێشکەوتوو کە زیانەکانی شەڕی لە غەززە زیاتر کردووە، بەڵێنەکەی نتانیاهۆ بۆ سەرکەوتنێکی خێرا و یەکلاکەرەوە بووەتە خەون و خەیاڵ.
ڕۆژنامەی گاردیەن ڕایگەیاندووە کە حەماس شەڕەکە لە چوارچێوەی بزوتنەوە ئازاسدیخوازەکانی مێژوو وەک خەباتی خەڵکی جەزایر بۆ سەربەخۆیی لە فەرەنسا دەبینێت بەڵام ڕژێمی زایۆنیست وا بیر دەکاتەوە کە دەتوانێت ئەو ئامانجە لە بەرچاو نەگرێت.
سەرکردەکانی ڕژێمی زایۆنیستی ساڵانێکە کە دەتوانن شەڕ و پێکدادانەکانی خۆیان لە گەڵ فەڵەستینییەکان و حزبوڵڵای لوبنان بەڕێوە ببەن، بە بێ ئەوەی کە داواکاری فەڵەستینییەکان بۆ ڕاگەیاندنی وڵاتی سەربەخۆ و دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان چارەسەر بکەن.
بەڵام حەماس و حزبوڵڵا ماوەیەکە لە ئاسۆیەکی دوورتر دەڕوانن. حەماس ئەم شەڕەی ئێستا نەک وەک شەڕ و پێکدادانە ئاساییەکان، بەڵکوو وەک خەباتێکی دوور و درێژ دەبینێت کە پێی وایە تێیدا سەرکەوتوو دەبێت.
گاردیەن ڕایگەیاندووە کە سەرکەوتنی زایۆنیستەکان بە سەر بزوتنەوەی حەماسدا لە لایەکی دیکەوە مسۆگەر نابێت، لە بەر ئەوەی کە حەماس پێی وایە گرنگترین دەسکەوتەکانی لەم شەڕەدا نەک لە گۆڕەکانی شەڕ، بەڵکوو لە بەرەی دیپلۆماسیدا بە دەست هێناوە.
ڕاشیگەیاندووە کە خۆڕاگری فەڵەستین لە دانوستانەکاندا دەستێکی باڵای هەیە لە بەر ئەوەی کە بەدەر لە کشانەوەی تەواوی زایۆنیستەکان و جێگیربوونی ئاگربەستی هەمیشەیی بە شتی دیکە ڕازی نابێت.
لە بەرامبەردا ڕژێمی زایۆنیستی لە هەڵوێستەکانیدا بە لاوازی دەرکەوتووە و بەم دواییانەش کشانەوەی بەنی گانتس لە کابینەی شەڕی ئەو ڕژێمە، بنیامین نتانیاهۆی زیاتر لە پارتە ڕاستەکان نزیک کردووەتەوە، ئەو پارتانەی کە دژی جێگیربوونی ئاگربەستی غەززەن.
گاردیەن ڕایگەیاندووە کە کێشەی زایۆنیستەکان تەنیا غەززە نییە. لە 8 ی تشرینی یەکەمی 2023 ەوە تا ئێستا حزبوڵڵا بە شێوازی ڕۆژانە و لە پێناو پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین و لایەنەکانی خۆڕاگری، هێرشی کردووەتە سەر پێگە و ناوچە زایۆنیست نشینەکان و ئەمەش وایکردووە کە پلانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەرکەوتنی خێرا لە غەززە ڕوبەڕوی شکست ببێتەوە.
حزبوڵڵا لە بەرەی باکوردا وای لە ڕژێمی زایۆنیستی کردووە کە تووشی چەندین قەیرانی سەربازی، سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتی بووە.
ئەمریکا هەوڵی ڕاگرتنی هێرشەکانی حزبوڵڵا دەدات بەڵام ئەم بزوتنەوەیە مەرجی ڕاگرتنی هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە غەززە خستووەتەڕوو. حزبوڵڵا هەروەها ڕایگەیاندووە کە هەوڵی شەڕێکی هەمەلایەنە نادات بەڵام بۆی ئامادەیە./.