بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە شاری هەولێر لە گەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووە و پاشان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان نەپساوەیە و ئەوەش وایک٥ردووە کە سەقامگیری بۆ ناوچەکە دابین بکرێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت، وتی: ئایین و مێژووی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەشمان لە گەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئەوەش وا دەکات پێکەوە بین، ئەم پەیوەندییە هێزێکی بێهاوتای درووستکردووە لە ناوچەکە کە ئەمە ئارامی و سەقامگیری لە ناوچەکە بەدیدەهێنێت، ئەم هێزە وایکردووە کە دوژمنان چاویان لە سەری بێت، لە بەر ئەوەی کە ئەوان نایانەوێت ئاسایش هەبێت، چ لە ئێران، چ لە عێراق و چ لە ناوچەکەش.
هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە سەقامگیری ناوچەکە لە بەرژەوەندی هەر دوو لا و تەواوی ناوچەکەیە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە لە گەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و باشترکردنی سەقامگیری سیاسی ناوچەکە وتووێژ کراوە./.