بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نیۆیۆرک تایمز لە وتاریکدا بە نووسینی ستیڤن وێرتایم شرۆڤەکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا لە ئێستادا سەرکردایەتی جیهان ناکات، لە بەر ئەوەی کە سەرقاڵی ڕوبەڕوبونەوەی ڕووسیایە وەک ڕکابەرێکی خاوەن چەکی ناوەکی و هەڵسووکەوت و کردەوەکانی مۆسکۆ پێشبینی ناکرێت، بەدەر لەوەش چین، ئێران و کۆریای باکور لێک نزیکبوونەتەوە و شەڕی ئیسرائیل بەرۆکی ئەمریکای گرتووە و بایدن ئەوەی قبووڵ کردووە کە لە جێی بەڕێوەبردنی شەڕ، ملکەچی تەل ئەبیب بێت.
نووسەر ڕایگەیاندووە کە بڕیاربوو بایدن 4 ساڵ پاش سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ، ئەمریکا بۆ پێگەی نێودەوڵەتی خۆی بگەڕێنێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دەسکەوتەکانی ئیدارەی بایدن لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی وەک کۆکردنەوەی هێزەکانی ناتۆ لە دژی ڕووسیا لە شەڕی ئۆکراینا، هەوڵدان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چین لە ڕووی ئابورییەوە، پاڵپشتیکردنی تەل ئەبیب لە شەڕەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ڕوونیکردووەتەوە کە سەرکردایەتی جیهان زیاترە لە پشتیوانیکردنی دۆستان و شکستی دوژمنان.
وێرتایم ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە کێشەکان مەیلی بایدنە بۆ زێدەڕۆیی لە هاوسۆزی لە گەڵ هاوبەشەکانی ئەمریکا، ئەو ملکەچی هەڵوێستەکانی ئۆکراینا بووە و هاوکاری سەربازی ئیسرائیلی زیاتر و خێراتر کردووە، لە کاتێکدا کە بە ئاشکرا پلانەکانی شەڕی ئیسرائیلی دەخستە ژێر پرسیارەوە و متمانەی بەوان نەبوو. بایدن هەروەها چەندین جار بەڵێنیدا بەرگری لە تایوان بکات، پرسێک کە پابەندبوونی فەرمی ئەمریکای بۆ پڕچەککردنی ئەو وڵاتە تێپەڕاند.
ئەو شرۆڤەکارە ئەمریکییە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەوەی ئەمریکا لە پێگەی سەرکردایەتی نێودەوڵەتیدا دەربکەوێتەوە، دەبێت بە هەندێک وڵات پیشان بدات کە دەیەوێت ئاشتی جێگیر بکات. سەرکردایەتی تەنیا تەک بەش لە جیهاندا ئەمریکا دەکاتە شوێنکەوتوویەکی دەمارگیر، ئەوەش بۆ هەمیشە ئەمریکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاسیا و ئەورووپا دەخاتە دۆخی شەڕەوە، سەرکردە ڕاستەقینەکان دەزانن کەی شوێنی ئەوانی دیکە بکەنەوە./.