بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە 13 ی حوزەیران پێشوازیی لە عەلی باقری وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت کردەوە.
هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا چەندین دۆسیەی جیاواز بە تایبەت دۆسیەی شەڕی غەززەیان تاوتوێ کرد.
نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە لەتیف ڕەشید لەو کۆبوونەوەدا ئاماژەی بە پتەوبوونی پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات و پێویستی کاری هاوبەش بۆ پەرەپێدانی زیاتری هاوکارییەکان داوە.
سەرۆک کۆماری عێراق بە ئاماژە بە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی هەر دوو وڵات و کاریگەرییە ئەرێنییەکانی لە سەر ئاسایش و سەقامگیری سنورەکان، وتی کە عێراق پێداگری لە سەر پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و جیهان لە پێناو پتەوکردنی دەرفەتەکانی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکات./.