بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باقری لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە گەڵ فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وتی کە تێڕوانینی ستراتیژیی کۆماری ئیسلامی ئێران پتەوکردنی پەیوەندییەکانە لە گەڵ عێراق لە سەرجەم بوارەکاندا و ئەم ئیرادەیە لە لایەن بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام جەختی لە سەر کراوەتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە دوو نەتەوەین کە ڕەگێکی هاوبەش و شارستانیەتێکی هاوبەش و کەلتورێکی هاوبەشمان هەیە، هەروەها دوو نەتەوەین کە چارەنووسێکی هاوبەشمان هەیە. هاوڕێیەتی و تەبایی ئێمە هەمیشەییە و پەیوەندی نێوان ئێران و عێراق لە پێناو ئاسایش و سەقامگیری و پێشکەوتنی هەر دوو وڵاتە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بە وەکالەت، وتی: ئێران و عێراق دوو کۆڵەکەی سەرەکی سەقامگیری ناوچەکەن و بەرپرسن لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە و هەر دوو هاوبەشی بەردەوامن لەم بوارەدا./.