بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” سەید هادی بورهانی “ ڕایگەیاند: گرنگترین هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی بەنی گانتس لە کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی بەوە دەزانم کە شەڕی غەززە بۆ ئەو ڕژێمە بە ئامانجەکانی نەگەیشتووە. بڕیار بوو شەڕەکە بە تەواوی لە ژێر کۆنتڕۆڵی کابینەی شەڕدا بێت و بەم ئامانجەش پێکهێنرا و هەوڵی ئەوەیاندا لە چوارچێوەی ئەو کابینەیەدا میکانیزمێک جێبەجێ بکەن کە تێیدا حکومەت و ئۆپۆزسیۆن بەشداری بکەن تا سەرجەم بڕیارەکانی تایبەت بە شەڕ لە ژێر چاودێری ئەم گرووپەدا بێت و لە ژێر ئیرادەی پارتی دەسەڵاتداردا نەبطێت بەڵام ئێستا دەرکەوتووە کە ناکۆکییەکانیان زۆرە و کابینەی شەڕ وەک هەشت مانگی ڕابردوو ناتوانێت درێژە بە چالاکییەکانی بدات.
ناوبراو وتی: پاش هەشت مانگ ئەوە ڕوون بووەتەوە کە شەڕ بە ئامانجەکانی کە لە سەرەتاوە ڕاگەێندرا، نەگەیشتووە، نە دیلەکان ئازاد کراون و نە حەماس لە ناو براوە و نە لەوەدا سەرکەوتوو بوون کە غەززە لە بوونی حەماس پاک بکەنەوە و ئەمەش خاڵی جیدی ناکۆکییە لە نێوان ئەندامانی کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی.
ئەو شرۆڤەکارە نێودەوڵەتییە لە درێژەدا وتی: ئاشکرایە کە نتانیاهۆ و دۆستەکانی هەوڵی بەردەوامیدان بە شەڕی غەززە دەدەن تا بە ئامانجەکانیان بگەن بەڵام ئۆپۆزسیۆن لەو بڕوایەدایە کە شەڕ بەم جۆرە بە ئامانجەکانی ناگات و دەبێت ڕێکەوتن بکرێت. لە لایەکی دیکەوە گوشارە نێودەوڵەتییەکان و ڕای گشتی لە جیهان و نزیکبوونەوەی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکان وایکردووە کە گوشارەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر ببێت.
سەید هادی بورهانی وتی: دەستلەکارکێشانەوەی بەنی گانتس لە کابینەی شەڕ، سەرەڕای ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان، دەتوانێت بۆ نتانیاهۆ مەترسیدار بێت و ڕەنگە بە ناچار پەنا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە ببات و لەوەشدا شانسی سەرکەوتنی بەنی گانتس زیاتر دەبێت، ئەمەش لە ڕاپرسییەکاندا هاتووە.
ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: بەم دەستلەکارکێشانەوە نتانیاهۆ ڕوبەڕوی دۆخێکی دژوار دەبێتەوە و گوشارە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت لە لایەن ئەمریکا و میسرەوە بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە زیاتر بووە. دیمۆکراتەکانی ئەمریکا دەیانەوێت کۆتایی بە شەڕ بهێندرێت و ناڕەزایەتییەکان بەرامبەر بە پشتیوانی وڵاتەکەیان لە ڕژێمی زایۆنیستی و کۆمەڵکوژکردنی فەڵەستینییەکان کەم ببێتەوە. نتانیاهۆ ڕەنگە بە چەند مانۆڕێک بیەوێت خۆی لەم دۆخە ڕزگار بکات، بەڵام دۆخەکە وەک ڕابردوو نییە و گۆڕەپانەکە بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی سنوردار بووە./.