بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمڕۆ دووشەممە 10 ی حوزەیران کۆبوونەوەی نێوان ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە دەوحەی پایتەختی قەتەر بەڕێوەچوو.
هەر دوو شاندی باڵای حەماس و جیهادی ئیسلامی فەڵەستین جەختیان لە سەر هەڵوێستی یەکگرتووی فەڵەستینییەکان لە دوو ئاستی مەیدان و سیاسی لە پێناو مسۆگەربوونی ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین لە دوو ئاستی کاتی و ستراتیژیدا کردەوە و پشتیوانی خۆیان بۆ یەکڕیزی لایەنەکانی خۆڕاگری لە لوبنان و یەمەن و عێراق دەربڕی.
هەر دوو شاندی باڵای حەماس و جیهادی ئیسلامی هەروەها پرسی ئاگربەستی غەززەیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە هەر ڕێکەوتنێک دەبێت ئاگربەستی هەمیشەیی، کشانەوەی تەواوی داگیرکاران لە کەرتی غەززە، ئاوەدانکردنەوە و کۆتایی هێنان بە گەمارۆکانی سەر ئەم ناوچەیە لە خۆ بگرێت./.