بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەسەن هانیزادە شارەزای کاروباری ناوچەکە سەبارەت بە هێرشە دڕندانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی و شەهید و برینداربوونی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی کەمپی نوسیرات، وتی: پاش هەشت مانگ هێشتا ڕژێمی زایۆنیستی یەک دەسکەوتی سەربازیی لە غەززە نەبووە و لە هەنگاوێکدا بە هاوکاری و پشتیوانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بە ئامانجی ئازادکردنی دیلەکان جارێکی دیکە تاوانێکی دڕندانە و دژە مرۆیی خوڵقاند کە زیاتر لە 210 کەسی کردە قوربانی و زیاتر لە 400 کەسیش بریندار بوون و ئەمەش لە ڕیزی تاوانەکانی بنیامین نتانیاهۆیە لەم هەشت مانگەی ڕابردووەدا. کەمپی نوسیرات بەشدارییەکی لە شەڕی غەززەدا نەبووە و بە ناوەندی نیشتەجێبوونی ئاوارەکانی غەززە هەژمار دەکرێت. دەبێت ئەم تاوانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ئیدانە بکرێت و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەدواداچوونی تەواوی بۆ بکات.
ناوبراو وتی: هێرشەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ کەمپی نوسیرات بە ئامانجی ئازادکردنی دیلە زایۆنیستەکان کرا کە 4 کەس لەوانە ئازاد کران بەڵام 8 ی دیکەیان کوژران کە ئەمەش پەڵەیەکی ڕەشی دیکەیە بە ناو چاوانی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی و بە دڵنیاییەوە لە کۆمەڵگای زایۆنیستدا کاردانەوەی زۆری بە دواوە دەبێت.
هانیزادە وتی: نتانیاهۆ بە ئامانجی هێورکردنەوەی دۆخی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی ئەم تاوانەی کردووە، بە تایبەت لە پاش ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی کەوتە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک ڕژێمێکی منداڵکوژ. سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت لەم تاوانە وەک دەسکەوتێکی ناوخۆیی کەڵک وەربگرێت بە تایبەت لە هەلومەرجێکدا کە ڕای گشتی زایۆنیست داوای ئاگربەست و ڕێکەوتن لە گەڵ حەماس و ئازادکردنی دیلەکان دەکەن. بەڵام ئەوەی ڕوویداوە ئەنجامی پێچەوانەی هەبووە و بنەماڵەی دیلە کوژراوەکان لە بەرامبەر ئەم پلانەی نتانیاهۆ بێدەنگ نابن.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری ناوچەکە هەروەها وتی: دۆخی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین شڵەژاوە و چەندین قەیرانی گەورەی تێدا دەبینرێت، ڕژێمی زایۆنیستی و سەرکردەکانی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ تاوانی زیاتر دەکەن و هەست بەوە دەکرێت سەرکردەکانی زایۆنیست گەیشتوونەتە قۆناغی خۆکوژی سیاسی./.