بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گیلعاد ئەردان باڵیۆزی ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان یادادشتێکی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی ئەو ڕێکخراوە پێگەیشتووە کە بە فەرمی ڕژێمی زایۆنیستی کەوتووەتە لیستی ڕەشی ڕژێمە منداڵکوژەکانەوە.
لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی چەندین تاوانی وەک بەکارهێنانی منداڵان لەو شەڕ، دەسدرێژی سێکسی بۆ سەر منداڵان، کوشتار، کەمئەندامبوون، هێرشی سەر خوێندنگە و نەخۆشخانەکان لە خۆ دەگرێت.
پێشتر ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەک چاودێری مافی مرۆڤ بە بۆنەی لاوازبوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەرامبەر تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، بە توندی ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی ئەو ڕێکخراوە گرتبوو.
بۆ ڕژێمی زایۆنیستی لەم بڕیارە دەترسێت؟
کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە ناساندنی تەل ئەبیب وەک ڕژێمێکی منداڵکوژ لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بووەتە هۆی نیگەرانییەکی زۆر و بەشێک لە هەوڵە جیهانییەکانە لە دژی ئەو ڕژێمە و دەرەنجامی قورسی بە دواوە دەبێت و ڕەنگە لە دۆسیەی فرۆشتنی چەک و کەرەستەی سەربازی بە تەل ئەبیب کاریگەریی هەبێت.
لە ڕاپۆرتێکی ئەو کەناڵەدا هاتووە کە ئەگەر بڕیارەکە پەسەند بکرێت بۆ ماوەی چوار ساڵ دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەو کەسەش کە بڕیارە کۆتاییەکە دەردەکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردووی شەڕی غەززە، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لە گەڵ تەل ئەبیبدا هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا هۆشداریی داوە کە شێوازی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەتوانێت ئیسرائیل لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زیاتر پەراوێز بخات.
بوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاریگەری ڕاستەوخۆی بە دواوە دەبێت بە تایبەت لە بوارەکانی ئابوری، بازرگانی و سەربازیدا.
کاریگەرییەکانی بڕیارەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی
لە ئاستی ناوخۆییدا گومان لەوەدا نییە کە بوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە لیستی ڕەشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پێگەی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە لە بەرامبەر نەیارانی زیاتر لاواز دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەو ماوەیە لە لایەن بەنی گاتس ئەندامی کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ نتانیاهۆی دیاری کردووە، کۆتایی هاتووە. ناوبراو تا 8 ی حوزەیران موڵەتی بە نتانیاهۆ دابوو کە پلانێکی ڕوون بۆ دواڕۆژی غەززە و واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە گەڵ حەماس بخاتەڕوو.
لە ئاستی نێودەوڵەتیش ڕق و کین و نەفرەتێکی زۆری بەرامبەر بە ڕژێمی زایۆنیستی بە دواوە دەبێت و هاوکات پشتیوانییەکان بۆ گەلی زوڵملێکراوی فەڵەستین زیاتر دەکات./.