بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی ئەسغەر عەباسزادە بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی کرماشان ڕایگەیاند، لە دوو مانگی ڕابردوودا یەک ملیۆن و 152 هەزار و 702 تەن کەلوپەل بە بەهای 581 ملیۆن و 451 هەزار و 558 دۆلار لە رێگای گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەم پارێزگا هەناردە کراوە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە وتی: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگای دەروازە سنوورییەکانی ئەم پارێزگایە لە ڕووی نرخەوە لە سەدا 13 زیادی کردووە، بەڵام لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 2 کەمیکردووە.
ناوبراو لە درێژەدا وتی: زۆربەی ئەو کەلوپەلانەی لە رێگای دەروازە سنوورییەکانی کرماشانەوە هەناردە کراون، بریتین لە؛ ئاسن، شیشی ئاسن، کاشی، سیرامیک، بەردی بیناسازی، بەرهەمە پلاستیکییەکان، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، سەوزە و مێوە.
بەپێی ئاماری فەرمی گومرگی ئێران، ساڵی ڕابردوو لە پارێزگای کرماشان بڕی حەوت ملیۆن و 273 هەزار تەن کەلوپەل بە بەهای 3 ملیار و 400 ملیۆن دۆلار هەناردە کرابوو، زۆرترینیان لە رێگای دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە بووە کە 2 ملیۆن و 788 هەزار تەن کەلوپەل بە بەهای ملیارێک و 234 ملیۆن دۆلار بووە.
هەروەها بەپێی هەمان ئامار، ساڵی ڕابردوو لە رێگای دەروازەی سنووری خۆسرەوییەوە یەک ملیۆن و 856 هەزار تەن کەلوپەل بە بەهای 933 ملیۆن دۆلار، لە دەروازەی سنووری سۆمار، یەک ملیۆن و 686 هەزار تەن کەلوپەل بە بەهای 815 ملیۆن دۆلار، لە دەروازەی سنووری شێخ سڵە، 625 هەزار تەن بە بەهای 371 ملیۆن دۆلار و لە دەروازەی سنووری شۆشـمێوە 318 هەزار تەن کەلوپەل بە بەهای 47 ملیۆن دۆلار هەناردە کراوە./.