بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەدەر لە کۆبوونەوەی شاندە ئێرانییەکە لە گەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی دیکە لە نێوان پارێزگارانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە گەڵ پارێزگارانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و سۆران بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم بەڕێوەچوو.
لەو کۆبوونەوەدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی هاوکارییەکانی پارێزگا سنورییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان لە بوارەکانی بازرگانی و ڕۆشنبیریدا کرایەوە.
وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەو کۆبوونەوەدا هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی شەهیدبوونی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و هاوڕێکانیان دەربڕی.
ڕێبەر ئەحمەد بە ئاماژە بە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، وتی: هەولێر پشتیوانی لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات و لەم پێناوەشدا گرنگی بە پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە گەڵ پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان دەدات.
لە درێژەی ئەو کۆبوونەوەدا محەممەد تەیب سەحرایی پارێزگاری کرماشان بە ئاماژە بەوەی کە ئەم پارێزگایە دەفرایەتییەکی زۆری لە بوارەکانی گومرک، گەشتیاری، تەندرووستی، کشتووکاڵ و پیشەسازیدا هەیە، جەختی لە سەر بەردەوامی وتووێژ و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکان کردەوە.
هەروەها محەممەد سادق موعتەمدیان پارێزگاری ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، سنورە هاوبەشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستانی بە دەرفەتێکی کەم وێمە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خەڵکی هەر دوو لا ناو برد./.