بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر خەیام الزعبی شارەزا و شرۆڤەکاری ناسراوی سوری و مامۆستای زانکۆی فورات لە سوریا، لە وتارێکدا نامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بۆ خوێندکارانی ئەمریکی و پەیامە گرنگەکانی شیکردووەتەوە کە دەقی ئەو وتارە لە درێژەدا هاتووە:
ئایەتوڵڵا سەید عەلی خامنەیی، ڕێبەری مەزنی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پشتیوانی گەلی فەلەستین و خەباتکاری دژ بە کۆلۆنیالیستەکان، پەیامێکی بۆ خوێندکارانی زانکۆکانی ئەمریکا ناردووە کە بۆ پشتیوانی و بەرگری لە پرسی فەڵەستین هاتنە گۆڕەپان و دەستدرێژییان بۆ سەر کەرتی غەززە ڕەتکردووەتەوە. هەروەها هاودەنگی ئێرانیان لە گەڵ ئەم خوێندکارانە ڕاگەیاند کە هەڵمەتی سەرکوتکردنیان لە لایەن پۆلیسی ئەمریکا جێبەجێ کراوە.
بەئاگاهاتنەوەی ڕای گشتی لە ئەورووپا و ئەمریکا
دوای ئەوەی وڵاتانی ئەورووپی بۆ چەندین دەیە پاڵپشتی زایۆنیستەکانیان کرد، سەرکوتی دڕندانەی ڕژێمی تەل ئەبیب لە دژی گەلی فەڵەستین بووە هۆی کۆتایی هاتنی ئەم پشتیوانییە، کە زۆرێک لە هاووڵاتیانی ئەورووپی لە تەنیشت گەلی فەڵەستین و دۆزی ئەوانەوە وەستاون و ژمارەیەک لە چالاکانی ئەورووپی کاتەکانیان بۆ ئاشکراکردنی تاوانەکانی ئەو ڕژێمە لە دژی گەلی فەڵەستین تەرخان کردووە. هەروەها هەڵمەتی بایکۆتکردنی ڕژێمی زایۆنیستییان دەستپێکرد، ئەمەش بووە هۆی زیادبوونی هۆشیاری گشتی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین.
ئەمڕۆ ڕووداوەکان لە ئەمریکا بە خێراییەکی زۆرەوە دەڕۆن و ئێمە شاهیدی دەستپێکی زۆر هاوسەنگی و گۆڕانکاریین بەرامبەر بە بڕیاردەران و دیزاینەرەکانیان کە زانکۆکانی ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، فەرەنسا و هیندستان شایەتحاڵی ناڕەزایەتی دژی شەڕی غەززەن و خۆپیشاندەران داوای وەستاندنی هاوکاری ئەو زانکۆیانە لە گەڵ زانکۆکانی ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن. خۆپیشاندەران داوای سزادانی ئەو کۆمپانیایانەش دەکەن کە چەک بۆ ئەو ڕژێمە دابین دەکەن. هەروەها دەیانەوێت وەبەرهێنان لەو کۆمپانیایانە ڕابگرن کە پاڵپشتی شەڕی تەل ئەبیب دژی غەززە دەکەن.
خاڵی وەرچەرخانی نامەکەی ئیمام خامنەیی بۆ خوێندکارانی ئەمریکی
بەڵام یەکێک لە گرنگترین پەیامەکانی نامەکەی ئیمام خامنەیی بۆ خوێندکارانی ئەمریکی، خەمخۆرییە بۆ پرسی فەڵەستین. لەوێدا جەختی لەوە کردەوە کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی داگیرکەر خیانەتێکی گەورەیە.
هەروەها جەختی لە سەر گرنگی مافەکانی فەڵەستینییەکان کردووەتەوە و بۆچوونی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لەم بوارەدا لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەی ڕوون و چارەنووسسازانەیە لە داگیرکاری خاکی فەڵەستین لە لایەن زایۆنیستەکان و ڕەگەزپەرستیی ئەو ڕژێمە قۆرخکارە.
پەیامی نامەکەی ئیمام خامنەیی گەیشتە هەمووان، بەم تەوەرە؛ ئێمە هەموومان یەکگرتوو و پێکەوە وەک دڵی یەک مرۆڤین و باوەشی ئێران (ڕێبازی خۆڕاگریی ئێران) بە ڕووی هەموو لایەکدا کراوەیە و لە هەموو شوێنێکدا دەبێت هەڵوێستی یەکلاکەرەوە و پتەو لە دژی تیرۆر بگرینەبەر. دیارترین ناونیشان لەم چوارچێوەیەدا (نامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی بۆ خوێندکارانی ئەمریکی) پابەندبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بە پشتیوانی لە فەڵەستین لە هەر بەرخۆدانێکی جەماوەری لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانی، لە کاتێکدا کرانەوەی ئێران بەرامبەر بە جیهان و ڕاستییەکە ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پابەندە بە کارلێککردن لە گەڵ هەموو ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت بەرەنگاری داگیرکاریی ڕژێمی زایۆنیستی ببنەوە.
پەیامەکانی نامەی ڕێبەری مەزنی شۆڕش بۆ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان
ڕوونە کە ئیمام خامنەیی پەیامی گرنگ و هۆشداریی بۆ وڵاتانی ناوچەکە ناردووە کە پشتیوانی تیرۆر دەکەن و بە هەموو ئامراز و ئاسانکارییەکەوە بە کاری دەهێنن. هەروەها پەیامی دیکەی بۆ وڵاتانی گەورە ناردووە کە وەبەرهێنان لە تیرۆردا دەکەن و بەکاریدەهێنن بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی و ئامانجەکانیان لە ناوچەکەدا.
ئەم قسانەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دیدێکی ڕوون و دیاریکراوە بۆ هەڵوێستەکانی بەرەی خۆڕاگری لە مامەڵەکردن لە گەڵ تیرۆر و وەڵامێکی ڕوونە بۆ ئەو کەسانەی کە بە پێی حیساباتی هەڵە و وەهمەکانیان دیاردەی تیرۆر پێناسە دەکەن (ئەوانەی کە گرووپە خۆڕاگرییەکان بە تیرۆر تۆمەتبار دەکەن، لە کاتێکدا کە تیرۆری ڕاستەقینە ڕژێمی زایۆنیستی و لایەنگرانییە).
بەڵام سەبارەت بە پەیامەکانی نامەکەی ئیمام خامنەیی بۆ خوێندکارە ئەمریکییەکان، دەبێت بە جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بڵێین؛ پەیامی ڕێبەری مەزنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران ئەوە بوو کە جیهان بە تایبەت ئەمریکا ئەرکی خۆی لە وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر بەجێ نەهێناوە و بەڵگەی ئەم بانگەشەیەش ئەوەیە کە وڵاتانێک هەن هەموو جۆرەکانی دابین دەکەن لە پشتیوانیکردن لە تیرۆریستان و گروپە توندڕەوەکان. هەروەها ئیمام خامنەیی بە ئاشکراکردنی ڕۆڵی وڵاتانی دیکە لە مەشق و ڕاهێنان و دابینکردنی دارایی و چەک بۆ تیرۆریستانی زایۆنیستی، ئەو وڵاتانەی پشتیوانی تیرۆریزمی ڕیسوا کرد.
لەم نامەیەدا دیاری کراوە؛ هەستی ئیمام خامنەیی ئەوەیە کە لە ئەورووپا لایەنگرانی فەڵەستین زیاتر دەبن و لایەنگرانی ڕژێمی زایۆنیستی کەم دەبنەوە و هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ چەند حاڵەتێک؛ لە نێویاندا، خۆڕاگری گەلی فەڵەستین لە نێو خاکی خۆیدا، بەردەوامی پێداگری زایۆنیستەکان لە دەسدرێژی لە دژی گەلی فەڵەستین، ئاشکرا بوونی ڕۆڵی دامەزراوە و کۆنفرانسەکانی فەڵەستین لە ئەورووپا کە بوونەتە باڵیۆزێکی ڕاستەقینە.
دەسکەوتەکانی ناڕەزایەتی دژە زایۆنیستەکان لە ئەمریکا
لە لایەکی دیکەوە ئەم ناڕەزایەتییانەی دژ بە زایۆنیستەکان فشاری سیاسی لە سەر سەرۆکی ئەمریکا زیاد دەکەن و لە هەمان کاتدا گورزێکی گەورە لە وێنەی ئەمریکا دەدەن لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیشدا کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە کە خەمڵاندنی قورسە.
بەڵام لە لایەکی دیکەوە دەبێت لەم ناڕەزایەتییانەی دژە زایۆنیستی لە ئەمریکادا ئاماژە بە زۆر خاڵ بدەین؛ چونکە ئەم ناڕەزایەتییانە ڕۆڵێکی گرنگیان لە بەئاگاهێنانەوەی خەڵکی جیهان لە ئازارەکانی گەلی فەڵەستین و کوشتنی خەڵکی مەدەنی بێ تاوان لە فەڵەستین لە لایەن زایۆنیستەکانەوە هەبوو.
هەروەها ئەم ناڕەزایەتییانە یارمەتیدەرێکی زۆر بوون بۆ درووستکردنی گیانی هاودەنگی و هاوکاری یەکتر لە نێوان خوێندکاران و مامۆستایان و لێرەدا دەتوانرێت ئەم خۆپیشاندانانە وەک ئاماژەیەکی ڕوون و بانگەوازێک بۆ بەئاگاهاتنەوەی جیهانی هەژمار بکرێت؛ چونکە ئەمریکییەکان چیتر لە پۆلیس و نە لە وەڵامی سەربازیی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئەم ناڕەزایەتییانە ناترسن.
لە ئەنجامدا ئەم دۆخە ڕژێمی زایۆنیستیی زۆر نیگەران کردووە؛ چونکە ڕژێم لە لەدەستدانی پشتیوانی ئەمریکا دوای زیادکردنی خێرایی و قەبارەی ئەو ناڕەزایەتییانە دەترسێت، بە تایبەتی دوای ئەوەی خوێندکارە ئەمریکییەکان بەڵێنیان داوە تا زانکۆکان بڕی ئەو وەبەرهێنانە داراییانە ئاشکرا بکەن کە ڕەنگە لە پشتیوانیکردنی شەڕی غەززەدا بەشدارییان کردووە و ئەگەر ئەوەشیان نەکرد، بەردەوام دەبن لەم ناڕەزایەتییانە و خوێندکارانی ئەمریکی هەڕەشەیان کردووە کە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان تا پەیوەندی نێوان زانکۆکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەپچڕێت.
لێرەدا پێویستە گرنگی بەو ڕاستییە بدەین کە پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەیە کە ئەم ڕژێمە بتوانێت تەحەدا و پێشێلکاری جیهان بکات، لەوانەش نەتەوە یەکگرتووەکان، دادگای نێودەوڵەتی، و ڕای گشتی جیهان و ئەمە شتێکە کە ئیسرائیل بە باشی ئاگادارێتی.
بە گشتی پەیامەکانی نامەکەی ئیمام خامنەیی بۆ خوێندکارانی ئەمریکی پڕن لە هەستی دڵسۆزی و هاوسۆزی لە گەڵ ئەو قوربانییە مەزنانەی کە فەڵەستینییەکان بۆ ڕزگارکردنی خاکەکەیان لە دەستی داگیرکەران داویانە. پەیامەکانی ئەم نامەیە هەروەها جەختکردنەوەیە لە سەر توانای گەلی فەڵەستین بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان و لە سەر بنەمای ئەمەش گەلی فەڵەستین دەتوانێت ڕووبەڕووی هەموو پلان و پیلانگێڕییەکانی زایۆنیستی – ڕۆژئاوا بە یەکگرتوویی ناوخۆیی و ئیرادە بەهێزیان ببنەوە و ئەوە دووپات بکەنەوە کە هیچ هێز و تیرۆرێک ناتوانێت فەڵەستینییەکان لە گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانیان تووشی شکست بکات./.