بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی نامەکەی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەم شێوازەیە:
بسم اللە الرحمن الرحیم
ئەم نامەیە بۆ ئەو گەنجانە دەنووسم کە ویژدانی بەئاگابوویان پاڵنەرێک بووە بۆ بەرگریکردن لە منداڵ و ژنانی ستەملێکراوی غەززە.
خوێندکارانی گەنجی خۆشەویست لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا! ئەمە پەیامی هاودڵی و هاوسۆزیمانە لە گەڵ ئێوە. ئێستا ئێوە لە لای ڕاستی مێژوو وەستاون – کە خەریکە لاپەڕەکانی هەڵدەدرێتەوە -.
ئێستا ئێوە بەشێکتان لە بەرەی خۆڕاگری پێکهێناوە و لە ژێر گوشاری دڕندانەی حکومەتەکەتان – کە بە ئاشکرا بەرگری لە ڕژێمی قۆرخکار و بێبەزەیی زایۆنیستی دەکات – خەباتێکی شەرەفمەندانەتان دەست پێکردووە.
بەرەی گەورەی خۆڕاگری لە شوێنێکی دووردا ساڵانێکە بەم تێڕوانین و هەستەی ئەمڕۆی ئێوە خەبات دەکات. ئامانجی ئەم خەباتە ڕاگرتنی ئەو زوڵمە ئاشکرایە کە تۆڕێکی تیرۆریستی و بێبەزەیی بە ناوی “زایۆنیستەکان” ساڵانێک لەمەوبەر بە سەر نەتەوەی فەڵەستینیان سەپاندووە و دوای داگیرکردنی وڵاتەکەیان، ئەوانی خستووەتە ژێر توندترین فشار و ئەشکەنجە. جینۆسایدی ئەمڕۆی ڕژێمی ئاپارتایدی زایۆنیستی درێژەپێدەری هەڵسووکەوتی ئەوپەڕی زاڵمانەی دەیان ساڵی ڕابردووە.
فەڵەستین خاکێکی سەربەخۆیە و نەتەوەکەی لە موسڵمان و مەسیحی و جولەکە پێکهاتووە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. دوای شەڕی جیهانی، سەرمایەدارەکانی تۆڕی زایۆنیستی بە هاوکاری حکومەتی بەریتانیا وردە وردە چەند هەزار تیرۆریستیان هێنایە ناو ئەم خاکە، شار و گوندەکانیان داگیر کرد، دەیان هەزار کەس کوژران یان بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەرکران، خانوو و بازاڕ و کێڵگەکانیان لە دەستیان دەرهێنا و لە خاکە دەستبەسەرداگیراوەکەی فەڵەستین حکومەتێکیان بە ناوی ئیسرائیل پێکهێنا.
گەورەترین لایەنگری ئەم ڕژێمە قۆرخکارە، دوای یەکەم هاوکاریی بەریتانیا، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە درێژە بە پشتیوانییە سیاسی و ئابوری و سەربازییەکانی بۆ ئەو ڕژێمە داوە و تەنانەت ڕێگەی بۆ کردووەتەوە کە چەکی ئەتۆمی پێ بەرهەمبهێنێت.
ڕژێمی زایۆنیستی لە یەکەم ڕۆژەوە سیاسەتی “مستی ئاسنین”ی لە دژی خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین بەکارهێنا و بە بێ بایەخدان بە هەموو بەها ویژدانی و مرۆیی و ئایینیەکان ڕۆژ بە ڕۆژ دڕندەیی و تیرۆر و سەرکوتی زیاتر بووە.
حکومەتی ئەمریکا و هاوبەشەکانی تەنانەت یەک هەڵوێستیان لە بەرامبەر ئەم تیرۆرە ڕێکخراوە و ستەمکارییە بەردەوامەدا نەبووە. لەمڕۆشدا هەندێک لێدوانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە تاوانە ترسناکەکەی غەززە، دووڕووییە نەک ڕاستەقینە.
“بەرەی خۆڕاگری” لە دڵی ئەم کەشوهەوای تاریک و نائومێدەوە سەری هەڵدا و پێکهێنانی حکومەتی “کۆماری ئیسلامی” لە ئێران فراوانتر و بەهێزی کرد.
سەرکردەکانی زایۆنیزمی نێودەوڵەتی، زۆربەی کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمریکا و ئەورووپا سەر بە خۆیانن یان لە ژێر کاریگەری پارە و بەرتیلەکانیاندان، ئەم بەرخۆدانە مرۆیی و ئازایانەیان وەک تیرۆر ناساند! ئایا نەتەوەیەک کە لە خاکی خۆیدا لە بەرامبەر تاوانەکانی داگیرکەرانی زایۆنیستی بەرگری لە خۆی بکات، تیرۆریستە؟ و ئایا یارمەتی مرۆڤ بۆ ئەم گەلە و بەهێزکردنی چەکەکانی بە هاوکاری بۆ تیرۆر دادەنرێت؟
سەرکردەکانی هەژموونی جیهانی تەنانەت ڕەحمیان بە چەمکە مرۆییەکان نییە. وا خۆیان نیشان دەدەن کە ڕژێمی تاوانبار و تیرۆریستی ئیسرائیل بەرگری لە خۆی دەکات و خۆڕاگریی فەڵەستین کە بەرگری لە ئازادی و ئاسایش و مافی چارەی خۆنووسین دەکات، بە “تیرۆریست” ناودەبەن!
دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەمڕۆ دۆخەکە لە گۆڕاندایە. چارەنووسێکی دیکە چاوەڕێی ناوچەی هەستیاری ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات. زۆرێک لە ویژدانەکان لە سەر ئاستی جیهانی بەئاگا هاتونەتەوە و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن. بەرەی خۆڕاگری بەهێزتر دەبێت، هەروەها مێژوو لە گۆڕاندایە.
جگە لە ئێوە خوێندکاری دەیان زانکۆی ئەمریکا، زانکۆ و خەڵکی وڵاتانی تریش ڕاوەستاون. یاوەریکردن و پاڵپشتیکردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ ئێوەی خوێندکار بۆنەیەکی گرنگ و کاریگەرە. ئەمەش دەتوانێت تا ڕادەیەک دڵنەوایی بەخش بێت لە بەرامبەر توندی کردەوەی پۆلیسیی حکومەت و ئەو فشارەی کە دەیانخەنە سەر ئێوە. هاوسۆزی ئێوەی گەنجیشم و ڕێز لە هەڵوێستتان دەگرم.
وانەی قورئان بۆ ئێمەی موسڵمانان و بۆ هەموو خەڵکی دونیا ئەوەیە لە سەر ڕێگای حەقیقەت بوەستین: فَاستَقِم کَما اُمِرت (1) و وانەی قورئان سەبارەت بە پەیوەندی مرۆڤەکان ئەمەیە: ستەم نەکەن و لەژێر باری ستەمدا نەبن: لا تَظلِمونَ وَ لا تُظلَمون (2) بە فێربوون و پەیڕەوکردنی ئەم فەرمانانە و سەدان فەرمانی هاوشێوە، بەرەی خۆڕاگری پێشڕەوی دەکات و سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت؛ بە پشتیوانی خودا.
پێشنیار دەکەم کە خۆتان بە قورئان ئاشنا بکەن.
سەید عەلی خامنەیی
5 ی جۆزەردانی 1403 ی کۆچی هەتاوی.