بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، غازی حەمەد سەبارەت بە پێشنیاری ئاگربەستی غەززە لە لایەن ئەمریکاوە، وتی: لە ئێستادا ڕووی پێشنیارەکەی بایدن لە ڕژێمی زایۆنیستییە و هیچ بابەتێکی نوێ بە حەماس پێشنیار نەکراوە تا وەڵامی بداتەوە.
ناوبراو وتی: ئێمە تێڕوانینی ئەرێنیمان لە سەر پێشنیارەکەی بایدن هەبووە و نەرمی زۆریشمان نواندووە بەڵام بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی دیسانەوە ئاگربەستی ڕەتکردووەتەوە و هەڵوێستی ئەو بەردەوامیدانە بە شەڕەکە.
غازی حەمەد وتی: ئێمە بەو ئەنجامە گەیشتووین کە داگیرکارانی زایۆنیست هیچ ڕێکەوتنێکیان ناوێت و ئەم هەڵوێستەی زایۆنیستەکان لە سەرجەم گەڕەکانی پێشووی دانوستاندا بینراوە.
ئەو سەرکردەی حەماس ڕایگەیاند کە نتانیاهۆ بەو ئەنجامە گەیشتووە کە لە گێژاوی غەززەدا نوقم بووە و زنجیرە شکستەکانی بەردەوامە و پێی وایە کە لە کۆتایی شەڕدا ژیانی سیاسی ئەویش بە کۆتایی دەگات و ناچارە بچێتە ماڵەوە یان زیندان، داگیرکاران تووشی سەرلێشێواوی بوون و نازانن چییان دەوێت بەڵام ئێمە یەک هەڵوێستی ڕوونمان هەیە./.