ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری خزمەتگوزار بە گەل و نیشتمانی ئێران لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی کۆپتەردا لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات شەهید بوو. ئەم ڕووداوە ئێرانی ڕەشپۆش کرد و خەڵک بۆ ڕێزلێنان لە سەرۆک کۆمارە شەهیدەکە و هاوەڵانی تازیەبارییەکی بێ وێنەیان هەبوو. ئەوەی لە شەقامەکانی ئێران بە تایبەت لە تاران و مەشهەد بینرا، بێگومان بەڵگەیەکی بەهێز و ڕوونە لە سەر پشتیوانی گەلی ئێران لە کۆماری ئیسلامی ئێران و وەفای ئەوان بۆ خزمەتگوزارانی خۆیان لە حکومەت.
زۆر دەمێکە دوژمنان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی خەڵکی لە دەست داوە بەڵام ئەوەی لە شەقامەکانی ئێراندا بینرا و ئەوەی کە خەڵک چۆن بۆ سەرۆک کۆمارە شەهیدەکەیان ڕژانە سەر شەقامەکان و وەفایان بۆ شەهید ئایەتوڵڵا ڕەئیسی هەبوو، بەڵگەیە لە سەر بەهێزبوونی کۆماری ئیسلامی و زیاتربوونی پشتیوانی خەڵک لە کاتێکدا کە لە نیو سەدەیی حوکمڕانییەکەی نزیک دەبێتەوە.
ئەوەی دوژمنان بانگەشەیان بۆ دەکرد لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە پووچەڵ کرایەوە. ئەڵبەت زۆر دەمێکە پڕوپاگەندە و دوژمنایەتی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی و بەکرێگیراوانی ناوخۆیی یان هەمان گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە لایەن گەلی ئازیز و بەوەفای ئێرانەوە تووشی شکست بووە و پووچەڵ کراوەتەوە.
ئەوەی ئێرانییەکان لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزی شەهید ڕەئیسی و هاوەڵانیدا بۆ جیهانیان ڕوونتر کرایەوە، ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمان سەرەتاوە تا ئێستا بە پشتیوانی ئەم خەڵکە بەرەو پێش چووە و بێگومان ئەو وەفایەی بۆ شەهید ڕەئیسی لە لایەن خەڵکەوە بینرا، بەڵگە دەبێت لە سەر بەردەوامی ئەم سیستەمە ئیسلامییە و پێشکەوتنی زیاتری وەک هێزێکی گەورەی ناوچەیی و ئیسلامی./.