بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەستەی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە کە گەلی ئێران ئاگادار دەکەینەوە کە شاندی باڵای دەستەی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی زیاترن کە پێویستی بە کاتی زیاتر و وردتر هەیە، بەڵام وەک زانیاری سەرەتایی ڕایدەگەێنین کە:
کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار لە ڕۆیشتن بە ڕێڕەوی ڕاست بەردەوام بووە و لە ڕێڕەوی گشتی تایبەت بە خۆی لاینەداوە.
پێش نزیکەی خولەکێک و 30 چرکە لە ڕووداوەکە، کاپتنی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار پەیوەندی بە دوو کۆپتەرەکەی دیکەوە کردووە.
هیچ شوێنەوارێکی گوللە یان تەقەمەنی بە پارچەی کۆپتەرەکەوە بەدی نەکراوە.
دوای ئەوەی کۆپتەرەکەی سەرۆک کۆمار بەر زەوی کەوتووە ئاگری گرتووە.
بە هۆی تایبەتمەندی ناوچەکە، تەم و نزمبوونەوەی پلەی گەرما، پرۆسەی گەڕان بە دوای کۆپتەرەکە بە درێژایی شەو بەردەوامبووە، لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە کاتژمێر 5 ی بەیانی بە هاوکاری فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئێرانی، شوێنی ڕووداوەکە دۆزرایەوە و لە ئێستادا هێزەکانی بەدواداچوونی وشکانی لەو شوێنەن.
هیچ حاڵەتێکی گوماناوی لە وتووێژەکانی تاوەری گەشتە ئاسمانییەکان و تیمی فڕۆکەوانی بەدی نەکراوە./.