بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هاتووە کە ” هەواڵی بە ئازاری گیان لە دەستدانی خوالێخۆشبوو سەرۆک ئیبراهیم ڕەئیسی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و ژمارەیەک لە یاوەرانیان لە ڕووداوی تێکشکانی کۆپتەرەکەیاندا، لە ناخەوە دڵتەنگ و خەمباری کردین “.
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە کە ” لەم کاتە سەخت و دژوارەدا لە دڵەوە هاوخەمی و هاوسۆزی قوڵمان لە گەڵ ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران جەنابی سەید عەلی خامنەیی، سەرکردایەتی، حکومەت و گەلی ئێرانی دۆست و دراوسێ و بنەماڵەی بەڕێزیان دەردەبڕین، لە خودای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بە بەزەیی و مێهرەبانی خۆی شاد بکات و ئارامی و دڵنەوایی بە هەمووان ببەخشێت “.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ” گیان لە دەستدانی خوالێخۆشبوو سەرۆک ڕەئیسی، خەمێکی بە ئازار و زیانێکی گەورەیە بۆ کۆماری ئیسلامی و گەلی موسڵمانی ئێران و دۆستانی، بەڵام دڵنیام گەلی جوامێری ئێران و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم کۆستەش تێدەپەڕێنن. خودای مەزن یارمەتیدەری هەمووان بێت و یادی خوالێخۆشبووان بە خێر “./.