بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەنداوی قزقەڵاسی ڕۆژی یەک شەممە 19 ی ئایاری 2024 بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران و ئیلهام عەلیێڤ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان کرایەوە. بەنداوەکە لە سەر ڕووباری سنوریی ئەرەس و پاش دوو دەیەکە لە دەستپێکردنی ئەم پرۆژە بە فەرمی کراوەتەوە.
لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی سێزدەیەم و سیاسەتی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، یەکێک لەو وڵاتانە گرنگییەکی زیاتری بۆ تاران هەبوو، کۆماری ئازەربایجان بوو. بە پێی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان و هەڵکەوتی جوگرافی لە ڕێگای ترانزێتی باکور – باشور، ئازەربایجان وەک وڵاتێکی گرنگی دراوسێ بۆ بەرپرسانی باڵای ئێرانە.
لە کاتێکدا بەنداوی قزقەڵاسی بە ئامادەبوونی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی و ئیلهام عەلیێڤ بە فەرمی کرایەوە کە تەنیا چەند مانگ بە سەر کردنەوەی پردی سنوریی ئاستاراچای لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری ئازەربایجان تێپەڕ دەبێت کە بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆک وەزیرانی ئازەربایجان و وەزیری ڕێگاوبان و شارسازی سەرەتای ئەمساڵ کرایەوە.
پردەکەش ڕێگای چوون و گەڕانەوەی بۆ هاتووچۆی ترانزێتی هەیە و بە کردنەوەی شوێنێکی کاتی تا کردنەوەی ترمیناڵێکی سنوریی نوێ لە ئاستارا، ڕەوتی هەناردە و ترانزێتی کاڵای لەم ناوچەیە باشتر کردووە. خاڵی سنوریی ئاستارا بە یەکێک لە سنورە گرنگەکانی ئێران لە بواری هەناردە و هاوردەی کاڵا دادەنرێت.
ئەمجارەش پاش سەرکەوتنی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیپلۆماسی گواستنەوە و ترانزێت، بەنداوی قزقەڵاسی بە ئامادەبوونی سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵات کرایەوە کە خاڵێکی گرنگ لە سەرکەوتنی دیپلۆماسیەتی ئاو دەبێت و پشکی ئاوی ئێران بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
گرنگیدانی کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە تەواوکردنی پرۆژەی بەنداوی قزقەڵاسی لە پاش دوو دەیە، پیشاندەری ئیرادەیەکی بەهێزە بۆ تەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکانی کابینەکانی ڕابردوو. هەروەها ئیرادەی حکومەت بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کشتووکاڵی لە پارێزگاکانی باکوری ڕۆژئاوای وڵات پیشان دەدات.
لە دەرەنجامەکانی دیکەی سەرکەوتنی دیپلۆماسی ئاویی ئێران لە گەڵ ئازەربایجان، دەستپێکردنی پرۆژەی دوو وێستگەی وەبەرهێنانی کارەبای 40 مێگاواتی لە هەر دوو بەشی بەنداوەکەیە کە بەرەو تەواوبوون دەڕوات.
ئەگەرچی لە چەند ساڵی ڕابردوو و پاش شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەی قەرەباغ لە نێوان کۆماری ئازەربایجان و ئەرمینیا، پەیوەندییەکانی نێوان تاران – باکوو کەوتە ژێر کاریگەری ئەو بارودۆخەوە، بەڵام بە سیاسەتی گرنگیدانی کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە دراوسێکان، جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات گەشەی بە خۆوە بینیوە و لە ئەنجامی ئەمەش بەنداوی قزقەڵاسی وەک سێهەم بەنداوی هاوبەشی ئێران و ئازەربایجان لە پاش بەنداوەکانی ئەرەس و خودائافەرین کرایەوە.
پتەوبوونی دۆستایەتی هەر دوو وڵاتی ئێران و ئازەربایجان لە کاتێکدایە کە بێگانەکان بە تایبەت ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵانی ڕابردوو پیلانگێڕییەکی زۆری بۆ تێکدانی پەیوەندییەکان هەبووە بەڵام کردنەوەی بەنداوی قزقەڵاسی دەبێتە قەڵغانێکی گەورە لە بەردەم دەستێوەردانەکانی دوژمنان و بێگانەکان./.