بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ سێهەم جارە لەم پۆستەدایە و 10 ساڵ بە سەر سەرۆکایەتییەکەیدا تێپەڕ دەبێت.
ئەردۆغان کە پێشتر وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان لە گۆڕەپانی دەسەڵاتدا بینرا، سەرەتا ڕەزامەندی لە سەر ئەوە دەربڕی کە وەک کەسێکی خاوەن بڕیار و کردەوە، پۆستی سەرۆک کۆمار کە دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نەبوو، ڕادەستی عەبدوڵڵا گویل ی هاوڕێی بکرێت.
بەڵام لە ساڵی 2014 خۆی وەک سەرۆک کۆمار گەیشتە کۆشکی چانکایا و هێندەی نەخایاند کە لە ڕیفراندۆمێکدا سیستەمی سیاسی تورکیای لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی گۆڕا و خۆی بووە بڕیار بە دەستی سەرەکی و خاوەن دەسەڵات.
لە ساڵی 2014 بەم لاوە چەندین ڕووداوی گرنگ لە تورکیا ڕوویان داوە و ئەم وڵاتە قۆناغێکی پڕ لە هەوراز و نشێوی بەڕێکردووە. بەڵام بە گشتی دەتوانین بڵێین کە ساڵ بە ساڵ ڕەوتی لاوازبوونی ئەم وڵاتە بە تایبەت لە ڕووی ئابورییەوە ئاشکراتر بووە.
زۆربەی شرۆڤەکارانی سیاسی تورکیا ئەردۆغان بە هۆکاری سەرەکی ئەم بارودۆخە دەزانن و بە سەرکردەیەکی تاکڕەوی ناو دەبەن کە ئامادە نییە هیچ ڕەخنە و پێشنیار و ڕاوێژێک قبووڵ بکات.
ئیبراهیم قەهوەچی لە شرۆڤەکارانی بەناوبانگی سیاسی لە تورکیا کارنامەی 10 ساڵەی سەرۆکایەتی ئەردۆغانی تاوتوێ کردووە و ئاماژەی بەوە داوە کە سەرۆکایەتی ناوبراو چ دەسکەوت و لێکەوتەیەکی بۆ تورکیا هەبووە.
لەو کاتەوە کە ئەردۆغان بووەتە سەرۆک، چ ڕووی داوە؟
سەرۆکایەتی کۆماری ئەردۆغان لە تورکیا بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە و تا ئێستا نزیکەی 10 ساڵ بە سەر ئەم ڕووداوەدا تێپەڕ دەبێت. ئیبراهیم قەهوەچی لە شرۆڤەکەیدا وا باسی 10 ساڵ سەرۆکایەتی ناوبراوی کردووە:
سەرەتا لە کۆمەڵگاوە دەست پێدەکەین تا بزانین کە ئەوان چ وێنەیەکیان لە داهاتووی تورکیا هەیە، ئایا هاووڵاتیان لەو بڕوایەدان کە تورکیا لە ڕێگای باشتربووندایە یان نە؟
نوێترین ڕاپرسی مەیدانی بڕواپێکراو پیشان دەدات کە لە سەدا 9.23 ی هاووڵاتیانی تورکیا دەڵێن دۆخی وڵات باشتر دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ئامارە پێش سەرۆکایەتی کۆماری ئەردۆغان لە سەدا 32.8 بووە و هیوا بە داهاتووی وڵات بە شێوازی ئاشکرا و بەرچاو دابەزیوە.
دابەزینی ئاستی هیواداری خەڵک بە داهاتووی تورکیا لە سەر بنەمای ڕێژەی دانیشتووان تاوتوێ بکەین.
لە ساڵی 2013 بە ڕێژەی 25 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە حەشیمەتی 77 ملیۆنی و 700 هەزار کەسی تورکیا لەو بڕوایەدا بوون کە داهاتووی وڵات باشتر دەبێت. سەرەڕای ئەمەش لە ساڵی 2023 لە حەشیمەتی 85 ملیۆن و 400 هەزار کەسیی تورکیا 20 ملیۆن و 400 هەزار کەس هیوایان بە باشتربوونی دۆخی وڵات لە ساڵی داهاتووی هەبووە.
ئەگەر ڕێژەی هیوای خەڵک وەک ساڵی 2014 دەبوو، لە ئێستادا دەبوایە 28 ملیۆن کەس بڕوایان بە باشتربوونی دۆخی وڵات لە داهاتوودا دەبوو نە تەنیا 20 ملیۆن و 400 هەزار کەس. پەیامی ئەمەش بۆ هەمووان ڕوون و ئاشکرایە. لەو ڕۆژەوە کە ئەردۆغان بووەتە سەرۆک کۆمار، 7 ملیۆن و 600 هەزار کەس لە دانیشتووانی تورکیا هیوای خۆیان بە داهاتووی وڵات لە دەست داوە.
ئایا ژمارەی ڕەشبینەکانی تورکیا تووشی گۆڕانکاری بووە؟
ئەو ڕۆژەی کە لە ساڵی 2014 ئەردۆغان لە سیستەمی پێشوودا، نەک بە دەنگی خەڵک بەڵکوو بە دەنگی ئەندامانی پەرلەمان وەک دووەم سەرۆک کۆمار هەڵبژێردرا و لە پارتی داد و گەشەپێدانەوە چووە کۆشکی سەرۆکایەتی، لە سەدا 12.2 ی دانیشتووانی ئەو ڕۆژەی تورکیا بە ڕێژەی 9 ملیۆن و 634 هەزار کەس بە ڕەشبینییەوە سەیری وڵات و داهاتوویان دەکرد و لەو بڕوایەدا بوون کە دۆخی تورکیا خەراپتر دەبێت.
دەزانن ئەم ئامارە لە ساڵی 2023 بە کوێ گەیشتووە؟
باشترە بۆتان ڕوون بکەمەوە. ئاماری ڕەشبینە بێهیواکان بۆ لە سەدا 26.1 زیادی کرد و 22 ملیۆن و 282 هەزار کەس لە دانیشتووانی تورکیا بەو بڕوایە گەیشتن کە دۆخی تورکیا لە داهاتوودا خەراپتر دەبێت. واتە هەوڵەکانی ئەردۆغان بووە هۆی ئەوەی کە 11 ملیۆن و 867 هەزار کەس لە ئاماری ئەو کەسانەی بە ڕەشبینییەوە سەیری داهاتووی وڵاتیان دەکرد، زیاد بوو.
بە گشتی، لە سەدا 61.1 ی کۆمەڵگای تورکیا لە ساڵی 2014 خاوەن ماڵ بوون. بە واتایەکی دیکە لە 77 ملیۆن و 696 هەزار کەس، 47 ملیۆن و 472 کەس خانوویان هەبوو. ئێستا ژمارەی دانیشتووانی تورکیا گەیشتووەتە 85 ملیۆن و 372 هەزار کەس و ژمارەی ئەوانەی خانووی خۆیان هەیە تەنیا 507 هەزار کەس زیادی کردووە. بەڵام ژمارەی کرێچییەکان گەیشتووەتە 6 ملیۆن و 563 هەزار کەس و ئەمەش جێی نیگەرانییە. لە بەر ئەوەی کە لە پاش گەیشتنی ئەردۆغان بە پۆستی سەرۆک کۆمار، نرخی کرێی خانوو لە سەدا 22.1 بۆ لە سەدا 27.8 بەرز بووەتەوە. بە کورتی، لە سەدا 85 ی ئەو ڕێژە زیادکراوەی دانیشتووانی تورکیا لە پاش سەرۆکایەتی ئەردۆغان وەک کرێچی مانەوە (واتە تەنیا لە سەدا 15 ی ئەو کەسانەی کە لە سەردەمی 10 ساڵەی سەرۆکایەتی کۆماری ئەردۆغان ژیانی خێزانییان پێکهێناوە بوونەتە خاوەن ماڵ و ئەوانی دیکە کرێچین).
گرنگ نییە کە لە بۆنە و لە سەر شاشەی کەناڵەکان چەندە سەبارەت بە گەشە و سەرکەوتنی تورکیا بانگەواز و بانگەشە دەکەن. گرنگ ئەوەیە کە چ ڕێژەیەک لە بودجەی وڵات لە پێناو باشتربوونی کەرتی ئابوری و بژێوی ژیانی خەڵک بەکار هاتووە.
ڕاستییەکە ئەوەیە کە پاش گەیشتنی ئەردۆغان بە پۆستی سەرۆک کۆمار، تورکیا بە خێراییەکی زۆر هیوا و ئاسۆی داهاتووی لە دەست داوە. یەکێک لە لێکەوتە ڕوونەکانی ئەم دۆخەش ئەوەیە کە لە تورکیا خەڵک نایانەوێت منداڵیان هەبێت و ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵ ڕووی لە دابەزین کردووە.
لە ساڵی 2014 لە تورکیا یەک ملیۆن و 351 هەزار منداڵ لەدایکبوون بەڵام لە ساڵی 2023 سەرەڕای بەرزبوونەوەی ڕێژەی حەشیمەتی 10 ساڵی ڕابردوو، ژمارەی منداڵە لەدایکبووەکان 958 هەزار منداڵ بووە.
تورکیا لە ماوەی سەرۆکایەتی ئەردۆغاندا تووشی زیانێکی زۆر بووە بەڵام بە تێڕوانینی من گەورەترین زیانی ئێمە، لە دەستدانی هیوا بە داهاتوو و کەمبوونەوەی ڕێژەی لەدایکبوونی منداڵە. بریا کەلتوری سیاسی و سەرکردایەتی لە سەر بنەمای خۆشەویستی گەل و وڵات لە تورکیادا هەبووایە، بە پێچەوانەی ئەمەش دەبێت ڕاشکاوانە بڵێم کە کێشەکانمان گەورەتر دەبن./.