بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی بەنداوی هاوبەشی قزقەڵاسی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئازەربایجان (یەک شەممە 19 ی ئایار)، وتی: ڕووباری ئەرەس بەردەوام خاڵی پەیوەندی نێوان دانیشتووانی ئێران و ئازەربایجان بووە. پەیوەندی و هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە 50 ساڵی ڕابردوودا هەبووە و ئەمڕۆ خۆیی لە کردنەوەی ئەم بەنداوەدا پیشان داوە. پرۆژەی بەنداوەکان 2 ملیار مەتری سێجا ئاو دابین دەکات و 4 وێستگەی چالاک و 40 هەزار هەلی کاریش دابین دەکات.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆماری ئازەربایجان زیاتر لە دراوسێتی و پەیوەندییەکی خزمایەتییە و ئەم پەیوەندییەش ڕەگ و ڕیشەی بۆ بڕوای گەلانی هەر دوو وڵات دەگەڕێتەوە، مێژوو و شارستانیەتی ئێمە پەیوەندییان پێکەوە هەیە، پەیوەندییەکان نەپچڕاون و رۆژ لە دوای ڕۆژ پتەوتر دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە ئەمڕۆ دەسکەوت و پێشکەوتنی ئەندازیاران و پسپۆڕانی ئێرانی بووەتە هۆی ناساندنی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک وڵاتێکی خاوەن تەکنۆلۆژیا و پێشکەوتن، وتی: بەنداوی قزقەڵاسی کە نموونەی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و ئازەربایجانە، ئێمەی خستووەتە ڕیزی 4 وڵاتی گەورەی خاوەن زانست و تەکنۆلۆژیای درووستکردنی بەنداوەکان لە جیهان و بەستێنی پێویستی بۆ پەرەپێدان بە هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات ئامادە کردووە و ئێمە بۆ هەناردەکردنی خزمەتگوزاری ئەندازیاری بۆ وڵاتی ئازەربایجان ئامادەیی تەواومان هەیە.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ڕێڕەوی ئەرەس دەبێت بە ئیرادەی ئێران و ئازەربایجان درێژەی هەبێت، دەبێت ئەم پرۆژەیە لە ماوەی 36 مانگدا بە هەوڵ و تێکۆشانی بەرپرسانی هەر دوو وڵات بگاتە بەرهەم و ئەمەش ڕێگایەکی گرنگە بۆ هەر دوو وڵات و ناوچەکە.
ناوبراو وتی: هەندێک دژی ئەم پەیوەندییانەی نێوان ئێران و ئازەربایجانن کە گرنگ نییە. بەرژەوەندییەکانی هەر دوو وڵات بۆ ئێمە گرنگە. درووستکردنی بەنداو، وێستگەی کارەبا، ڕێگاوبان، گواستنەوە و پەیوەندییە ئابوری، بازرگانی و کەلتورییەکان لە پێناو مسۆگەرکردنی بەرژەوەندییەکانە. دوژمنان نەک تەنیا ئێران بەڵکوو پێشکەوتنەکانی ئازەربایجانیشیان ناوێت. ئێمە لەو بڕوایەداین کە هەر پێشکەوتنێکی ئازەربایجان، پێشکەوتنی ئێمەیە. سنورەکان نەک خاڵی نیگەرانی، بەڵکوو دەبێت خاڵی هیوا و دەرفەتی گەشەی هەر دوو وڵات بن، ئێمە لەو بڕوایەداین کە سنورەکان دەرفەتن./.