بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا شرۆڤەی لاوازبوونی ئەمریکای لە ڕوبەڕوبونەوەی هێرشەکانی ئەنساروڵڵای یەمەن کردووە و ئەمەشی بە پیشاندەری سیاسەتە هەڵەکانی واشنتن لە بەرامبەر وڵاتانی دیکەی جیهان ناو بردووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە:
سیاسەتمەدارەکانی ئەمریکا لە هەر حیزب و بە هەر تێڕوانینێک، بەردەوام ئەوە دەڵێن کە ئەمریکا لە سەرتاسەری جیهان خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتووییە و بە وڵاتێکی دەزانن کە ئەگەر نەبێت، جیهان شتێکی کەم دەبێت. ئەمریکا یەک لە سەر چواری وەبەرهێنانی نیشتمانی جیهانی هەیە، سوپای ئەو وڵاتە خاوەنی زۆرترین بودجەی سەربازیی جیهانە و کۆی گشتی بودجەی 9 وڵاتی دیکە لە پاش ئەمریکا هێندەی بودجەی سەربازیی ئەو وڵاتە نابێت.
ئەمریکا کاریگەرییەکی زۆری لە بازرگانی نێودەوڵەتیدا هەیە و لە سەدا 58 ی یەدەکی دراوی جیهان بە دۆلاری ئەمریکییە. واشنتن هەروەها لە دامەوزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندا دەستڕۆیشتووە، وەک بانکی جیهانی و سندۆقی نێودەوڵەتی دراو و هاوپەیمانی بەهێزیشی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.
سیاسەتمەدارانی ئەمریکی لەوە تێناگەن کە هێز تەنیا دەستڕۆیشتوویی و زاڵبوون نییە. داڕێژەرانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا بە هەڵە بیر لەوە دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان هێزی یەکەمە کە دەتوانێت خواست و ئیرادەی خۆی بە سەر تەواوی وڵاتانی جیهاندا بسەپێنێت.
ئەم بۆچوونەی ئەمریکییەکان بە درێژایی مێژوو ڕوبەڕوی کێشە بووەتەوە، بە تایبەت لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا. ئەنساروڵڵای یەمەن دەریای سوور بە چاوی گۆڕەپانێکی تایبەت بە خۆی دەبینێت و لە مانگی تشرینی دووەمی 2023 تا ئێستا زیاتر لە 100 هێرشی کردووەتە سەر کەشتییەکانی پەیوەندیدار بە رژێمی زایۆنیستییەوە.
بە دەستپێکردنی شەڕی غەززە و بە هۆی تاوانە دڕندانەکانی ڕژیمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە، ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایگەیاند بۆ هاوکاری فەڵەستینییەکان، سەرجەم ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە بە جۆرێک پەیوەندییان بە زایۆنیستەکانەوە هەیە.
بەم دواییانەش وتەبێژی ئەنساروڵڵای یەمەن وتی کە ئەگەر ڕژێمی زایۆنیستی هێرشی بەربڵاو بکاتە سەر شارۆچکەی ڕەفەح، هێرشی سەر کەشتییەکانی ئەو ڕژێمە نەک تەنیا لە دەریای سوور، بەڵکوو لە دەریاکانی دیکەش زیاتر دەبێت.
ئەمریکا هەوڵی ئەوەیداوە بە هاوکاری بەریتانیا و پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دەریایی ڕوبەڕوی کردەوە سەربازییەکانی یەمەنییەکان ببێتەوە و لەم پێناوەدا بە هاوبەشی هێرشی ئاسمانی زۆری کردووەتە سەر پێگە سەربازییەکانی ئەنساروڵڵا. سەرەڕای ئەمەش، یەمەنییەکان درێژە بە هێرشەکانیان دەدەن و ئەوەیان سەلماندووە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا هیچ کاریگەرییەکی لە سەر بڕیارەکانی ئەنساروڵڵا نییە.
ڕاستییەکانی جیهان جیاوازتر لەوەن بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی ئەمریکا بیری لێدەکەنەوە، کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکییەکان دان بە ڕاستییەکاندا بنێن./.