بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە ئاستی ناوخۆیی عێراق گەڕانەوەی سەدر بووەتە بابەتێکی گەرمی میدیاکان و ئاژانسی ڕۆیتەرزیش لە سەر زاری چەند سەرچاوەیەک ڕایگەیاندووە کە سەرۆکی ڕەوتی سەدر دەیەوێت جارێکی دیکە بۆ گۆڕەپانی سیاسی بگەڕێتەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە لێدوانی زیاتر لە 20 بەرپرسی عێراقی بە تایبەت سیاسەتمەدارانی ڕەوتی سەدر، لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکانی شاری نەجەف و بەرپرسانی خۆجێی و شرۆڤەکارانی عێراقی کە هەموویان داوایانکردووە ناوەکانیان ئاشکرا نەبێت، پێشبینی ئەوەی کردووە ئەم گەڕانەوەی بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی عێراق لە ساڵی 2025 ڕوو بدات.
ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە ڕەوتی سەدر ڕایگەیاندووە کە ڕەوتەکە ئەمجارەو بەراورد بە ڕابردوو بەهێزترە و دەیەوێت ژمارەیەکی زیاتر لە کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق بە دەست بێنێت.
ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ساڵی 2021 ی عێراق زۆرترین کورسیی لە بەرژەوەندی خۆی مسۆگەر کرد بەڵام موقتەدا سەدر فەرمانی دەست لە کار کێشانەوەی پەرلەمانتارەکانی دەرکرد.
دواتریش بڕیاری کشانەوەی تەواوی لە پرۆسەی سیاسی عێراق دەرکرد و جموجوڵێکی ئەوتۆی لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا نەبووە. ڕاشیگەیاند کە بۆ هەمیشە وازی لە چالاکییە سیاسییەکان هێناوە.
هەروەها سەدر داخستنی سەرجەم نووسینگەکان و دامەزراوەکانی سەر بە ڕەوتەکەیی ڕاگەیاند بەدەر لە دامەزراوەی شەهید سەدر و مۆزەخانەکەی./.