بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حسام بەدران بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی بزوتنەوەی حەماس جەختی لە سەر هەڵوێستی یەکگرتووی فەڵەستینییەکان لە ئاستی سیاسی و لە دانوستانەکاندا کردەوە و ڕایگەیاند: ئەو داواکارییانەی کە شاندی دانوستانکاری حەماس لە دانوستانەکانی تایبەت بە ئاگربەستی غەززە پێداگری لە سەر کردووە، ڕێکەوتنی نیشتمانی و هەڵوێستی سەرجەم لایەنەکانی فەڵەستینە.
ناوبراو بە ئاماژە بە کۆبوونەوەی نوێنەرانی لایەنە فەڵەستینییەکان لە دیمەشق، وتی: کۆبوونەوەکان لە گەڵ کۆمەڵگای نیشتمانیی فەڵەستین و سەرجەم گرووپەکان لە بوارە جیاجیاکاندا بەردەوامە.
بەدران ڕایگەیاند کە هەر دانوستانێک دەبێت بگاتە ئاگربەستی تەواو و هەمەلایەنە، کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە سەرجەم ناوچەکانی کەرتی غەززە، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بە بێ هیچ بەربەست و سنوردانانێک، گەیاندنی هاوکارییەکان و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە، ئەگەر ئەم خاڵانە بەدی کرا، دەگەینە ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان تا کۆتایی بە ئێش و ئازاری دەیان ساڵە دیلەکانمان لە گرتووخانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بێنین.
ڕاشیگەیاند کە ڕژێمی زایۆنیستی پەراوێز کەوتووە و هەڵوێستەکانی لە ئاستی ناوچەکە و جیهاندا قبووڵکراو نییە، هەر بۆیە دەسدرێژییەکەی لە دژی شارۆچکە ڕەفەح بە واتای شۆڕشە لە دژی جیهان./.