بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد کازم ئالی سادق لە وتووێژی لە گەڵ ئاژانسی ئیسنا سەبارەت بە دوایین دۆخی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا وتی: ئێران نزیکەی 1450 کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لە گەڵ عێراق هەیە کە 550 کیلۆمەتری لە گەڵ هەرێمی کوردستانە.
ناوبراو وتی: گرووپە تیرۆریستییەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەردەوام لەم سنورانەوە کاری تێکدەرانەیان دەکرد و تەنانەت تیمی تیرۆریستی ڕەوانەی ناوخۆی ئێران دەکرا. لەم چوارچێوەیەدا لە دەیەکانی ڕابردوو لێژنەیەکی ئەمنی لە نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان پێکهێنرا و چەندین کۆبوونەوەش بە ئامادەبوونی بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی هەر دوو لا بەڕێوەچوو.
باڵیۆزی ئێران وتی: بە هۆی تێڕوانینی نەتەوەیی برایانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان ئێمە بە ئەنجامی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانمان نەگەیشتین و کاتیک بە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانمان ڕادەگەیاند کە دەبێت ڕێگری لە جموجوڵ و چالاکی هێزەکانی دژبەری شۆڕشی ئیسلامی بکەن، وەڵامیان دەدایەوە کە پاراستنی سنورەکان لە دەستی حکومەتی ناوەندی لە بەغدایە نە هەرێمی کوردستان. ئێمەش بەم هۆیەوە گەیشتینە ئەنجامی ئەوەی کە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە نێوان ئێران، عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەین و دواجار ئەمەش گەیشتە واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان تاران و بەغدا.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەم ڕێکەوتنە، ڕێکەوتنێکی فرەڕەهەندە، وتی: لە ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی تاران و بەغدا سێ تەوەری گرنگ هەیە کە بریتین لە کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان لە لایەن حکومەتی ناوەندییەوە، داماڵینی چەکی گرووپە دژبەرەکان و ڕادەستکردنی تاوانباران و تێیدا جەخت لە سەر گواستنەوەی هێزەکانی ئەو گرووپانە لە ناوچە سنورییەکان بۆ قووڵایی خاکی عێراق کراوەتەوە.
محەممەد کازم ئالی سادق ڕایگەیاند:پرسی گواستنەوە تا ڕادەیەک بە باشی جێبەجێ کراوە و چەندین کەمپ لەم بوارەدا دەستنیشان کراوە، سێ کەمپ لە سنوری هەولێر و کەمپێک لە سنوری سلێمانی، لە سلێمانی شوێنی هێزەکانی ئەو گرووپانە دیواربەند دەکرێت، لە ڕاستیدا ئەو هێزانە لە ژێر چاودێری ڕاستەوخۆی هێزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندان.
ناوبراو سەبارەت بە داماڵینی چەکی ئەو گرووپانەش وتی: داماڵینی چەک بە واتای ئەوەیە کە چەکە نیمچە قورسەکان لەوان وەردەگیرێتەوە، سەبارەت بە چەکی سووک ئەوەیە کە هەر خێزانێک لە عێراقدا لانیکەم چەکێکی لە ماڵەوە هەیە، بەڵام ئەو هێزانە موڵەتی ئەوەشیان نییە کە چەکیان هەبێت و بە پێی ئەو ڕێوشوێنانە باس کراوە، دەبێت ئەوان بوونی چەکدارییان لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت.
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەغدا وتی: بە پێی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە، ئەو کەسانەی دەستیان لە کوشتن و تیرۆردا نەبووە، دەتوانن بۆ ناوخۆی ئێران بگەڕێنەوە و پاش گرتنەبەری هەندێک ڕێوشوێن و ماوەیەک کەرەنتین، ژیانی ئاسایی خۆیان دەست پێبکەنەوە. سەبارەت بەوانەش کە دەیانەوێت لە عێراق بچنە دەرەوە، ئامادەیی ئەوە هەیە کە تەنانەت پاسپۆرت بەوان بدرێت تا بتوانن لە عێراق بچنە دەرەوە. ئەوانەش دەیانەوێت لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا بمێننەوە، دەتوانن بە پێی یاساکانی هەرێم بمێننەوە و ئیش و ژیانی خۆیان هەبێت، ئەوانەش دەیانەوێت لە کەمپەکاندا بمێننەوە دەتوانن لەو کەمپانەدا کە بە هاوئاهەنگی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین کراوە، بمێننەوە.
ئالی سادق وتی: هەندێک جار پێچەوانەی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکە دەبینین کە دەستبەجێ حکومەتی عێراق و بە تایبەت بەڕێز قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەم وڵاتەی لێ ئاگادار دەکرێتەوە. بەشێکی بەرچاوی ئەم ڕێکەوتنە جێبەجێ کراوە و چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان لەم بوارەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێت.
باڵیۆزی ئێران سەبارەت بە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان تاران و بەغدا، وتی: حکومەتی بەغدا 9 ملیار دیناری بۆ توندوتۆڵکردنی ئاسایشی سنورەکان تەرخان کرد کە 6 ملیار دیناری بە هەولێر و 3 ملیار دیناری بە سلێمانی دراوە.
ناوبراو لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە سەرەڕای جێبەجێکردنی ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی تاران و بەغدا، هەندێک جموجوڵی گرووپە تیرۆریستییەکان لە سنورەکاندا دەبینرێت، وتی: کەسیک ناتوانێت لە سەدا سەد دەستەبەری ئاسایش بکات، دوژمن پیلانگێری خۆی دەکات و ئێمە دەبێت چاودێری سنورەکان زیاتر بکەین. ئێمە بە هاوئاهەنگی لە گەڵ هەر دوو حکومەتی بەغدا و هەرێم دەبێت ڕێگری لە هەر جموجوڵێکی ئەو گرووپانە بکەین.
محەممەد کازم ئالی سادق ڕایگەیاند کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق، پەیوەندییەکی پتەو و ستراتیژییە و لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی، ئابوری و بازرگانی، کۆمەڵایەتی، ئائینی، کەلتوری و ئەمنی لە بەرەوپێشچووندایە و وتی: بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران هێڵی سوورە، بەداخەوە لە هەرێمی کوردستان بە هۆی بوونی لایەنەکانی دیکەوە، پیلانگێڕی زۆر لە دژی ئێران دەکرێت، ئێمەش بۆ وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەک هیچ دوودڵییەکمان نییە./.