بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوپای رژیمی زایۆنیستی پاش تێپەڕبوونی نزیکەی 7 مانگ لە شەڕی بەردەوامی غەززە بە هیچ یەک لە ئامانجە دیاریکراوەکانی نەگەیشتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەم شکستەی زایۆنیستەکان یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیدان بە شەڕەکە بووە.
حاتەم کەریم فەلاحی شارەزای کاروباری سەربازی و ستراتیژی بە کەناڵی جزیرەی ڕاگەیاندووە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕوبەڕوبونەوەکانی ڕابردووی جەختی لە سەر شەڕێکی بەپەلە و خێرا دەکردەوە، لە بەر ئەوەی کە ئەم ڕژێمە توانای زیان و خەسارە گەورەکانی نییە، بەدەر لەمەش دەبێت ئاماژە بە زیانە ئابوری و داراییەکان بدرێت کە گوشارەکانی لە سەر کۆمەڵگای زایۆنیست زیاتر کردووە.
ناوبراو وتی کە لاوازبوونی سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی شەڕی غەززە، پیشاندەری کێشەی فەرماندەییە کە ئەو ئامانجانەی دیاری کردووە.
پێشتر بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی رژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندبوو کە ئامانج لە شەڕی غەززە گەیشتن بە فەرماندە باڵا سەربازییەکانی بزوتنەوەی حەماس، ئازادکردنی دیلەکان و لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی گرووپەکانی خۆڕاگری فەڵەستین بە تایبەت حەماسە.
ئەو شارەزا سەربازییە ئاماژەی بەوەداوە کە تەنیا دەسکەوتی داگیرکاران، ڕووخاندنی کەرتی غەززە و قوربانیکردنی زیاتر لە 110 هەزار کوژراو و بریندارە لە شەڕێکدا کە پێشکەوتووترین چەکی لە دژی خەڵکی بێ تاوان و سڤیل بەکار هێناوە و هێڵێکی ئاسمانیی بۆ وەرگرتنی هاوکارییە سەربازییەکان لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە کردووەتەوە، بەدەر لەمەش لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاواوە بە هەموو شێوازێک لە ڕووی سیاسییەوە بە تایبەت لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پشتیوانی کراوە.
فەلاحی وتی: سوپای ڕژێمی زایۆنیستی پاش 200 ڕۆژ لە شەڕەکە، گەڕاوەتەوە ئەو شوێنانەی کە لە سەرەتادا داگیری کردبوو و ئەمەش بە واتای کێشەی گەورەی زایۆنیستەکانە لە ئاستی ستراتیژی، مەیدانی و تەکتیکی.
وتیشی کە خۆڕاگری شەڕ و بەرگری خۆیی سەرکەوتووانە بەڕێوە بردووە و بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئامانجەکانی زایۆنیستەکان لە ئاستی مەیدانی و لە گۆڕەپانەکانی شەڕ و هەروەها لە ئاستی سیاسی و ناوەندەکانی بڕیاری تەل ئەبیب، ستراتیژێکی تایبەتی هەبووە و ئەمەش وایکردووە بە هەموو توانایەکەوە زایۆنیستەکان ڕوبەڕوی شکستێکی گەورە بکاتەوە.
بە بۆچوونی حاتەم کەریم فەلاحی، گرووپەکانی خۆڕاگری توانا سەربازییەکانی خۆیان بۆ هەمووان سەلماندووە کە ئەمەش بووەتە هۆی سەپاندنی زیانێکی گەورەی سەربازی بە سەر رژێمی زایۆنیستی و مسۆگەرنەبوونی ئەو ئامانجانەی نتانیاهۆ دیاری کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە نابێت باس لە شکستی خۆڕاگری یان کۆتایی توانا سەربازییەکانی لە کەرتی غەززە بکرێت./.