بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەندین هەفتەیە کە شۆڕشێک لە زانکۆکانی ئەمریکا بۆ دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی و پشتیوانیکردنی گەلی فەڵەستین بە تایبەت دانیشتووانی غەززە دەستیپێکردووە. ئەم شۆڕشەش کاردانەوەی زۆری لە ئاستی جیهانیدا هەبووە و شرۆڤە و لێکدانەوەی زۆریشی بە دواوە بووە.
کەناڵی جزیرە لە یادداشتێکدا بە نووسینی ” محەممەد مەنشاوی ” کاریگەری شۆڕشی خوێندکارانی زانکۆی لە ئەمریکا و داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ڕژێمی زایۆنیستیی شرۆڤە کردووە.
شۆکی کۆمەڵگای ئەمریکا لە شۆڕشی نوخبەکان دژ بە ڕژێمی زایۆنیستی
بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە، لە قۆناغی یەکەمدا دەبێت بزانین کە زۆرینەی ئەمریکییەکان لە کاتی دەستپێکردنی شەڕی غەززە پشتیوانییان لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکرد بەڵام ڕای گشتی ئەمریکا وەک وڵاتانی ئەورووپی لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگی ڕابردوو بە شێوازی بەرچاو تووشی گۆڕانکاری بووە و زۆرینەی ئەوان دژی ئەم شەڕە و تاوانەکانی زایۆنیستەکانن.
ئەمەش بە ڕوونی لە ڕاپرسی و جموجوڵ و خۆپێشاندانەکانی شارە گەورەکانی ئەمریکا دەبینرێت. هاوکات لە گەڵ ئەمەش بەرپرسانی ئەمریکاش بە ناچار لێدوانەکانیان دژ بە شەڕی غەززە تا ڕادەیەک گۆڕیوە و جۆ بایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەش کە هەست بە مەترسی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەکات، بە ناچار لەم ماوەدا گوشارەکانی لە سەر بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پلانە سەربازییەکانی ئەو ڕژێمە لە کەرتی غەززە زیاتر کردووە.
لەم نێوەندەدا و لە ماوەی چەندین هەفتەی ڕابردوو بزوتنەوەی خوێندکارانی زانکۆ لە ئەمریکا کە بۆ سەدان زانکۆی ئەو وڵاتە پەرەیسەندووە و لە لایەن زانکۆ بەناوبانگ و ناسراوەکانی وەک هاروارد، کۆڵۆمبیا و ….. سەرکردایەتی دەکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە ناڕەزایەتی دانیشتووانی ئەمریکا بەرامبەر بە تاوان و کۆمەڵکوژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە کەرتی غەززە هێناوەتە پێشەوە.
لێرەدا پێویستە بوترێت کە زۆربەی خێزانەکانی ئەمریکا خوازیاری ئەوەن منداڵەکانیان لەو زانکۆیانەدا درێژە بە پرۆسەی خوێندن بدەن کە لە ئێستادا بوونەتە گۆڕەپانئی ناڕەزایەتی و دژایەتیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و هەر لە تەمەنی خوارەوە منداڵەکانیان وا پەروەردە دەکەن کە لە داهاتوودا لەو زانکۆیانەدا بخوێنن، لە بەر ئەوەی کە دەزانن دەرچووانی ئەو زانکۆیانە لە ڕاستیدا داهاتووی ئەمریکا بونیات دەنێن و سەرکردەکانی داهاتووی ئەو وڵاتە دەبن.
سەرکوتکردنی ئازادی ڕادەربڕین لە ئەمریکا
بەردەوامی سەرکوتکردنی خوێندکاران لەو زانکۆیانە و ئەو توندووتیژییەی لە لایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا بە فەرمانی حکومەتەکەی بایدن دەکرێت، بووەتە هۆکاری توڕەبوونی کۆمەڵگای ئەو وڵاتە. لە کاتێکدا کە لە دەستووری ئەو وڵاتە بە ڕوونی باس لە ئازادی ڕادەربڕین کراوە. ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەی لە سەر هەڵسووکەوتی نەشیاوی هێزە ئەمنییەکانی ئەمریکا بڵاو بووەتەوە و دەستبەسەرکردنی سەدان کەس لە خوێندکارانی زانکۆ، هەمووانی لەو وڵاتە تووشی شۆک کردووە، بە تایبەت ئەوان لە لۆبی لایەنگری ڕژێمی زایۆنیستی لە وڵاتەکەیان توڕەن و ناڕەزایەتی خۆیان پیشان داوە.
ئەم بزوتنەوە گەورەی خوێندکارانی زانکۆ لە ئەمریکا لە کاتێکدا دەستیپێکردووە و بەردەوامە کە لە ناو کۆنگرێسی ئەو وڵاتەش دەنگی ناڕەزایەتی بەرامبەر بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە بە پشتیوانی حکومەتی ئەمریکا بەرز بووەتەوە. بۆ نموونە، بێرنی ساندرز سیناتۆری دیمۆکرات لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بەرامبەر بە نتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە ” ئەمە دژایەتی جولەکەکان نییە، لە ماوەی زیاتر لە شەش مانگدا کابینەکەی زیاتر لە 34 هەزار کەسی لە غەززە کۆمەڵکوژ کردووە و زیاتر لە 77 هەزاریش بریندار بوون کە زۆرینەی ئەوان لە ژن و منداڵ پێکهاتوون “.
شۆڕشی زانکۆکانی ئەمریکا چۆن کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی واشنتن و تەل ئەبیب دادەنێت؟
تریتا پارسی جێگری سەرۆکی دامەزراوەی کۆینسی لە واشنتن لە کاردانەوەی بەرامبەر بە بزوتنەوەی گەورەی زانکۆکانی ئەو وڵاتە لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، چەندین وێنەی ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆی لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ” ئەم وێنانە پیشان دەدات بەشێکی گەورەی جیلی نوێی ئەمریکا کە چینی نوخبەی داهاتووی ئەم وڵاتەن، ئیسرائیل وەک ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست و دڕندە دەبینن کە ئەو ڕژێمەش هەڕەشە لە دیمۆکراسی ئەمریکا دەکات “.
پێشتر درووشمەکانی وەک ” مافی ئیسرائیلە ” و ” دژایەتیکردنی جولەکە قەدەغەیە ” لە کۆمەڵگای ئەمریکادا بە زۆرینە دەبینرا، بەڵام ئەمڕۆ دەبینین کە گەنجانی ئەمریکی، ئیسرائیل وەک ڕژێمێکی ڕەگەزپەرست و دڕندە دەبینن، هەر بۆیە لایەنگرانی تەل ئەبیب لە ڕووداوەکانی نێو زانکۆکانی ئەمریکا دەترسن. چاوێران لەو بڕوایەدان کە لە داهاتوودا سیاسەت و تێڕوانینێکی نوێ لە ئەمریکاوە بەرامبەر بە رژێمی زایۆنیستی دەبینرێت، سیاسەتێک کە لە لایەن جیلی ئێستا و سەرکردەی داهاتووی ئەمریکاوە پەیرەو دەکرێت./.