بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە چاوپێکەوتنی کاربەدەستانی حەجی ئەمساڵ، ڕایانگەیاند کە حەج ئەرکێکی فرەڕەهەندە کە لایەنی مادی و مەعنەویی هەیە و لە ڕەهەندی ناوەوە ناوی خودا وەک سەرچاوەی ڕاستەقینەی ژیان و ئیرادە و بڕیارە تاکە کەسی، کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکانە و ئەمەش خاڵێکی گرنگی سەرجەم قۆناغەکانی حەجە.
بەڕێزیان خاڵی بەرچاوی ڕەهەندی کۆمەڵایەتی حەجیان وەک یەکگرتوویی و پەیوەندی موسڵمانان لە گەڵ یەکتر خستەڕوو و وتیان: فەلسەفەی بانگهێشتی خودا بۆ هەموو مرۆڤەکان و ئامادەبوونیان لە شوێنێکی دیاریکراو و لە ڕۆژانی دیاریکراودا ئەوەیە یەکترناسینی موسڵمانان، ئاڵوگۆڕکردنی بیروڕا و بڕیارە هاوبەشەکان مسۆگەر ببێت لە پێناو گەیشتن بە ئەنجامە پیرۆز و دیاریکراوەکانی حەج کە هەمان بەختەوەری ئیسلام و موسڵمانانە، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە جیهانی ئیسلام لە بواری بڕیاردانی هاوبەشدا کەلێنێکی گەورەی هەیە.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران پشتگوێخستنی جیاوازییە مەزهەبی و نەتەوەییەکانیان بە بەستێنی پێویست بۆ یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئیسلامی ناو برد و وتیان: کۆبوونەوەی گەورە و یەکپارچەی سەرجەم لایەنگرانی مەزهەبە ئیسلامییەکان لە هەموو نەتەوەکان، بە نموونەی دیاری لایەنی کۆمەڵایەتی و سیاسی حەج دادەنرێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕووداوەکانی ئێستای غەززەیان بە پێوەرێکی هەمیشەیی بۆ مێژوو ناو برد و وتیان: هێرشە دڕندەکانی سەگی هاری زایۆنیستی لە لایەن و خۆڕاگری و چەوساندنەوەی خەڵکی غەززە لە لایەکی دیکەوە لە مێژوودا دەمێنێتەوە و پیشاندەری ڕێگایەکە بۆ مرۆڤایەتی کە ڕەنگدانەوەی سەرسوڕهێنەر و بێ وێنەی لە کۆمەڵگا بە تایبەت لە زانکۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەدا هەبووە.
بەڕێزیان بە ئاماژە بەو ئایەتانەی قورئانی پیرۆز کە دۆستایەتی لە گەڵ دوژمنانی ستەمکار بە تەواوی قەدەغە دەکات، ڕژێمی زایۆنیستییان بە نموونەیەکی تەواو لە دوژمنایەتی لە گەڵ موسڵمانان ناو برد و ڕایانگەیاند کە ئەمریکا هاوبەشی تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە لە بەرامبەر خەڵکی بێ تاوانی فەڵەستین و بە تایبەت غەززە و ئەگەر هاوکارییەکانی ئەمریکا نەدەبوو، ئایا ڕژێمی زایۆنیستی ئەو هێز و توانایەی هەبوو لە بەرامبەر فەڵەستینییەکان بەم شێوەیە هەڵسووکەوت بکات؟
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتیان: ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکا تاوانبار و ئەنجامدەری ئەو هەموو زوڵم و ستەمەن لە بەرامبەر موسڵمانان بە تایبەت لە فەڵەستین و غەززە و بە گوێرەی قورئانی پیرۆز هەر کەسێک لە گەڵ ئەم دوژمنانەدا دۆستایەتیی هەبێت ئەوا ستەمکارە و نەفرەتی خودای لە سەر دەبێت.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی وتیان: کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرگری لە گەلی فەڵەستین چاوەڕوانی هیچ کەسێک نابێت بەڵام ئەگەر هاوکاری وڵاتانی ئیسلامی هەبێت ئەم دۆخەی گەلی فەڵەستین بەردەوام نابێت./.