بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گومرکی چین ڕایگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئەو وڵاتە و ئێران لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی 2024 لە سەدا یەک بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە و گەیشتووەتە 4 ملیار و 20 ملیۆن دۆلار.
ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و چین لە کانوونی دووەم تا ئاداری ساڵی 2023 زیاتر لە 3 ملیار و 990 ملیۆن دۆلار بووە.
چین لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا یەک ملیار و 260 ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە کە ئەم ڕێژەیەش بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 10 زیادی کردووە. چین لە کانوونی دووەم تا ئاداری 2023 زیاتر لە یەک ملیار و 140 ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێران هاوردە کردبوو.
هەروەها هەناردەی چین بۆ ئێران لە کانوونی دووەم تا ئاداری 2024 لە سەدا 3 دابەزینی تۆمار کردبووە و گەیشتووەتە 2 ملیار و 760 ملیۆن دۆلار. چین لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 2 ملیار و 845 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو./.