بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، زیاد نەخالە ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە چاوپێکەوتنی کەناڵی العالم، وتی: خۆڕاگری فەڵەستین کە ناوچەکەی گرتووەتەوە، لە گۆڕانکاریدایە و ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا کە پیشاندەری لوتکەی هێزی خۆڕاگرییە، ڕووداوێکی کتوپڕ نەبووە و ئەنجامی ئەزموون و هەوڵێکی زۆری تێکۆشەران لە بەرەکانی شەڕدا بووە.
ناوبراو وتی: هێزەکانی خۆڕاگری بەردەوام پشتیوانی لە فەڵەستین دەکەن، هەورەها لە کۆماری ئیسلامی ئێرانیش کە بەردەوام پشتیوانی سەرەکی و یەکەمی فەڵەستین و خۆڕاگرییەکەی بووە و ئەگەر هاوکاری و پشتیوانی کۆماری ئیسلامی نەدەبوو، ئەو سەرکەوتنەی زریانی ئەقسا مسۆگەر نەدەکرا.
شەڕی غەززە و زیانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ئەمڕۆ گەلی فەڵەستین بە باشترین شێواز لە بەرامبەر سوپای ڕژێمی زایۆنیستی خۆڕاگری دەکەن، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ غەززە کە لە ڕووی جوگرافییەوە ناوچەیەکی بچووکە و گەمارۆ دراوە، زیاتر لە شەش مانگە کە ڕوبەڕوی سوپای پڕچەکی زایۆنیستی بووەتەوە و سەرەڕای ئەو هەموو تاوانەی زایۆنیستەکان، چالاکییەکانی خۆڕاگری ڕانەوەستاوە و هێشتا زیان بە دوژمن دەگەێنێت و لە ئاستی سیاسی و سەربازیی غەززە بوونی بەردەوامی هەیە.
نەخالە وتی: گێڕانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی لە خۆڕاگریی فەڵەستین بە تەواوی درۆ و تێکدراو و لە لایەن ڕای گشتییەوە قبووڵنەکراوە. سەرەڕای ئەو هەموو پشتیوانی و بانگەشەیەی کە لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەو وڵاتانەی کە لە گەڵ زایۆنیستەکان ئاشتییان کردووە، ڕای گشتی جیهان گێڕانەوەی زایۆنیستەکانی قبووڵ نییە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە گەلی فەڵەستین سەرەڕای ئەوەی کە لە لایەن دوژمنەوە گەمارۆ دراون بەڵام بە هەموو هێزێکەوە لە بەرامبەر تیرۆریزمی زایۆنیستی ڕاوەستاون.
دوژمنی زایۆنیستی لە ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا تێکشکا
زیاد نەخالە وتی: لە 7 ی تشرینی 2023 یان ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، دوژمنی زایۆنیستی لە بەرامبەر گرووپەکانی خۆڕاگری کە ماوەی 15 ساڵە لە گەمارۆی ئەم ڕژێمەدان، تێکشکا و ڕوبەڕوی شکست کرایەوە. ئەم شکستەش کەلێنێکی گەورەی لە دیواری گێڕانەوەی ڕژێمی زایۆنیستی درووست کرد، ئەو گێڕانەوەی کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد تەل ئەبیب بەهێزترینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەمیشە براوەیە و تەنانەت لە ناوچەکە کەشێکی ترس و تۆقاندنی خستبووەڕێ کە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە داوای ڕێکەوتنیان لە گەڵ کرد و یەکێک لە هۆکارەکانی لاوازبوونی عەرەبی، هەر ئەم بانگەشە و گێڕانەوەی زایۆنیستییە بووە.
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا بووە هۆی سەرسوڕمانی وڵاتانی جیهان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا کە پشتیوانی لە زایۆنیستەکان دەکەن، ئەوان هەموو توانایەکی خۆیان بۆ پشتیوانیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی کۆکردەوە تا پەیامی ئەوە بدەن کە موڵەتی شکست و لەناوچوونی زایۆنیستەکان نادەن، هەر بۆیە لە ڕووی سیاسی و سەربازی و ئابورییەوە پشتیوانییەکانیان زیاتر کرد. بەڵام هەموو ئەو هێزانە لە بەرامبەر خۆڕاگری و بوێریی فەڵەستینییەکان بە تایبەت دانیشتووانی غەززە شکستیان هێنا و ئەمەش دیسانەوە بووەتە جێی سەرسوڕمانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا.
بایدن حەماسی بە داعش ناو دەبرد بەڵام بە ناچار دانوستانی لە گەڵ دەکات
ناوبراو وتی: دانوستانەکانی ئەم دواییە لە گەڵ خۆڕاگری فەڵەستین پیشاندەری سەرکەوتنی لایەنی فەڵەستینییە. ئێمە بە دانوستانەکان، ڕۆژئاوا و بانگەشەکانی ئەوانمان ڕوبەڕوی شکست کردەوە، بە ڕادەیەک کە بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکا ناچار بە قبووڵکردنی دانوستانی ئەمریکا و حەماس بوو، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای شەڕی غەززە وەک داعش باسی دەکرد. ئەمەش پیشان دەدات کە ڕۆژئاوا سەرەڕای تاوان و دەسدرێژییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوونی تەل ئەبیب لەم شەڕەدا دەدات.
تاکە بژاردەی بەردەم دوژمنی زایۆنیستی کشانەوەیە لە غەززە
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین ڕایگەیاند: لە ئێستادا دوژمنان بە ئاشکرا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە دەدەن و تەل ئەبیب تەنیا یەک بژاردەی هەیە و ئەویش کشانەوە و قبووڵکردنی شکستە. دەبێت مەرجەکانی خۆڕاگری فەڵەستین قبووڵ بکات کە ڕایگەیاندووە ئازادکردنی دیلە زایۆنیستەکان تەنیا لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستین و کشانەوەی زایۆنیستەکان لە غەززە دەبێت. ئەمڕۆ خۆڕاگری فەڵەستینە کە مەرجەکانی بە سەر دوژمنی زایۆنیستیدا دەسەپێنێت و هیچ کات مەرجەکانی دوژمن قبووڵ ناکات.
دوژمنی زایۆنیستی ڕێگایەکی بەدەر لە کشانەوەی هێزەکانی نییە
زیاد نەخالە ڕایگەیاند: ئێستا دوژمنان بە ئاشکرا هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ کشانەوەی هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە دەدەن و تەل ئەبیب تەنیا یەک بژاردەی هەیە و ئەویش کشانەوەی هێزەکانی و شکستە، ئەمەش بەو ئیمتیازانە دەبێت کە دوژمن بە لایەنەکانی خۆڕاگریی دەدات.
خۆڕاگری توانای درێژەپێدانی شەڕی هەیە
ناوبراو وتی: خۆڕاگری ئەمڕۆ دەتوانێت درێژە بە شەڕی غەززە بدات، یان لە بەرە جیاجیاکاندا و ئەمەش لانیکەم بۆ شەش مانگی دیکە دەبێت. ئەگەر شەڕەکە بەردەوام بێت دوژمن ڕوبەڕوی چالاکییەکی زیاتر دەبێتەوە و هەر ئەنجامێک بە سەر ئەو ڕژێمەدا دەسەپێندرێت. خەڵکی فەڵەستین تا ئێستا تاوانی زۆریان بەرامبەر کراوە بەڵام هیچ کات شکست قبووڵ ناکەن، لە سەدا 80 ی ئەوان داوای خۆڕاگری و خەبات تا مسۆگەربوونی ئامانجەکانیان دەکەن.
لە ڕەفەح ڕوبەڕوی دوژمن دەبینەوە
ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: ڕژێمی زایۆنیستی و ئەمریکییەکان بە جۆرێک سەبارەت بە ڕەفەح قسە دەکەن کە دەڵێی لە دەرەوەی کەرتی غەززەیە، ئەوان سیاسەتی ترس و تۆقاندن بەکار دێنن، خۆڕاگری لە سەرجەم ناوچەکاندا ئامادەیە و بوونی هەیە و دوژمن لە ڕەفەح ڕوبەڕوی هەمان ئەو خۆڕاگری و خەباتە دەبێتەوە کە لە خان یونس و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری غەززە بۆی سەلمێندراوە.
زیاد نەخالە وتی: ئەگەر لە خۆڕاگری ترسیان نەبێت ئەوەندە زمانی هەڕەشە بەکار ناهێنن و ڕاستەوخۆ هێرشەکەیان دەست پێدەکەن بەڵام هەوڵ دەدەن خەڵکەکە بترسێنن.
ئێران زانست و ئەزموونی درووستکردنی چەکی بە خۆڕاگری داوە
ناوبراو ڕایگەیاند: کۆماری ئیسلامی ئێران یەکەم پشتیوانی خۆڕاگری فەڵەستینە و زانست و ئەزموونی درووستکردنی چەکی بە لایەنەکانی خۆڕاگری داوە.
نەخالە وتی: بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی لە زۆربەی شارەکانی کەرتی خۆرئاوا گرووپە گەورە و بچووکە چەکدارییەکانی پێکهێناوە.
ئەمینداری گشتی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین وتی: کەرتی خۆرئاوا بۆ خۆڕاگری گرنگییەکی زۆری هەیە و ئێمە ڕاستەوخۆ ڕوبەڕوی سیاسەتی درووستکردنی شارۆچکە زایۆنیستییەکان بووینەتەوە./.