بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە کاتێکدا کە ناوەند و میدیا و شارەزایانی زایۆنیست درێژە بە ڕەخنەی توندی خۆیان لە هەڵە گەورە و ستراتیژییەکانی کابینەی شەڕ و هەروەها بەرپرسانی سیاسی و سەربازی ڕژێمی زایۆنیست لە شەڕی غەززە دەدەن، ڕۆژنامەی عبری زمانی هائارێتس لە ڕاپۆرتێکدا شرۆڤەی ئەو 10 لێدانە گەورەی کردووە کە لە سەرەڕای شەڕی غەززەوە لە 7 ی تشرینی یەکەمی 2023 تا ئێستا بەر تەل ئەبیب کەوتووە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕاپۆرتەکەی بە دۆخی شڵەژاوی بەرەی باکور دەستپێکردووە و ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی شارۆچکەکانی سەر سنوری لوبنان بە ناچار ماڵەکانیان بە جێهێشتووە، بە بێ ئەوەی کە بتوانن بیر لە چارەنووسی خۆیان بکەنەوە. لەم نێوەندەدا کابینە لە جێی هێورکردنەوەی دۆخەکە، ترس و دڵەڕاوکێی پەرەپێداوە و چەند ڕۆژ پاش ئەوەش فەرمانی چۆڵکردنی شارۆچکەکانی دەرکرد. ئەمەش لە کاتێکدایە کە کابینە هێشتا پلانێکی ڕێکخراو و درووستی بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی بەرەی باکور و گەڕانەوەی شارۆچکەکان بۆ ماڵەکانیان نەبووە.
هائارێتس سەبارەت بە دووەم لێدانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە، ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئیسرائیل لە هێرشی وشکانی بۆ سەر غەززە لەناوبردنی حەماس بووە بەڵام تەنیا شارەکە لەناوچووە و حەماس بە هێزەوە درێژە بە چالاکییەکانی دەدات.
بەڵام لێدانی سێهەم کە بەر ئیسرائیل کەوتووە، بە هۆی نەبوونی ستراتیژێکی ڕوون لە شەڕی غەززەدا بووە، لە بەر ئەوەی کە لە پاش تێپەڕبوونی شەش مانگ لەم شەڕە هێشتا ڕژێمی زایۆنیستی پلانێکی ڕوونی نییە. سوپای ئیسرائیل چەندین مانگە لە غەززە شەڕ دەکات، سەدان کوژراو و هەزاران برینداری هەیە بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە و حەماس هێشتا بوونی هەیە و چالاکە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەم میدیا زایۆنیستە، چوارەم گورزی کوشندە کە بەر تەل ئەبیب کەوتووە، پەیوەندی بە دۆسیەی دیلەکانەوە هەیە کە لە کەرتی غەززەدان. گەڕانەوەی 250 دیلی زایۆنیست لە غەززە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی تەل ئەبیب لەم شەڕەدا بووە و هێشتا وەک خۆی ماوەتەوە، لە کاتێکدا کە ئاسۆیەک بۆ بەدیهاتنی نییە و ئەمەش لە دانوستانەکانی قاهیرە ڕوون بووەتەوە کە ئازادکردنی دیلەکان بووەتە دووەم ئەولەویاتی ڕژێمی زایۆنیستی.
لێدانی پێنجەمیش پەیوەندی بە دۆخی مرۆیی لە کەرتی غەززەدا هەیە. بەردەوامی ئەم شەڕە بووەتە هۆی نەبوونی خۆراک و ئاو و دەرمان لە کەرتی غەززە و ڕواڵەتی ئیسرائیلی لای ڕای گشتی هێندەی دیکە ناشیرین کردووە و گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتیی لە سەرە، تەنانەت هاوپەیمانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش، تەل ئەبیب بە بەرپرسی ئەم دۆخە دەزانن.
هائارێتس ڕایگەیاندووە کە حەوتەم لێدان کە بەر ئیسرائیل کەوتووە، نەبوونی یەکڕیزی ناوخۆییە کە ناکۆکییەکان پێش شەڕی غەززە لە کۆمەڵگای زایۆنیست گەیشتبووە لوتکە بەڵام لە پاش 7 ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، ناکۆکییەکان پەرەیان سەندووە و ئاشکراتر بووە و هەر هەوڵێک بۆ چارەسەرکردنی شکستی هێناوە.
هەشتەم گورزی کوشندە کە لە ڕژێمی زایۆنیستی داروە، بە پێی ڕاگەیاندنی ئەو ڕۆژنامەیە، زیانە ئابوری و داراییەکانی شەڕی غەززەیە کە وایکردووە کورتهێنانی بودجە بگاتە ئاستێکی بەرز و ئەمەش کێشەی زۆری بۆ حکومەت و دانیشتووانی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین خوڵقاندووە.
لێدانی دیکە خەون و خەیاڵی ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ سەرکەوتنی تەواو لە شەڕی غەززە کە نتانیاهۆ لە هەمان ڕۆژانی سەرەتاییەوە بانگەشەی بۆ کردووە. ئەمەش شکستی هێناوە و هیچ ئامانجێکی نتانیاهۆ و کابینەی شەڕی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە مسۆگەر نەبووە.
کۆتا لێدانی ژێمی زایۆنیستیش تا ئێستا وەڵامە بەهێزە ئاسمانییەکەی ئێران بووە کە وەک وەڵامی هێرشە تیرۆریستییەکەی تەل ئەبیب بۆ سەر باڵاخانەیەکی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بووە، ئەو لێدانەی کە بۆ یەکەم جار ڕوویداوە و زایۆنیستەکانی لە پاش زریانی ئەقسا ڕوبەڕوی شکستێکی گەورەی سەربازی کردەوە./.