کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یەکەم جار بە شێوازی ڕاستەوخۆ هێرشی کردە سەر ڕژێمی زایۆنیستی. هێرشەکەش لە وەڵامی تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە هێرشی سەر کۆنسووڵخانەی کۆماری ئیسلامی لە شاری دیمەشق بووە.
هێرشە درۆنی و مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە لە پاش 7 ی ئۆکتۆبەری 2023 شکستێکی گەورەی دیکەی سەربازی بە سەر ڕژێمی زایۆنیستیدا بسەپێنێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە سەربازییە لەوەشدا سەرکەوتوو بووە کە پەیوەندی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە بەهێزتر و نزیکتر بکاتەوە.
کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵ دەدات وێڕای لێدانی ڕاستەوخۆی ڕژێمی زایۆنیستی، بە پشتیوانیکردنی لایەنەکانی خۆڕاگری لە فەڵەستین و ناوچەکە، ڕژێمی زایۆنیستی زیاتر بەرەو لاوازبوون و تەنانەت لەناوچوون ببات. ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاکامی شەڕی حەوت مانگەی غەززە کە هەر ئێستاش درێژەی هەیە، لاوازبووە و لە خەراپترین بارودۆخدایە.
تاران بەم شێوازە لەوەدا سەرکەوتوو بووە داواکارییەکانی بە سەر دوژمنی زایۆنیستیدا بسەپێنێت و هاوکێشەی هێزی ناوچەیی لە بەرژەوەندی خۆیدا دابڕێژێتەوە، ئەمەش وایکردووە کە دوژمنی زایۆنیستی وەک ڕابردوو دەستکراوە نەبێت و لە بەرە جیاجیاکاندا توانای خۆی لە دەست بدات.
لە لایەکی دیکەوە، ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانە توانا ستراتیژییەکانی ئێرانی بۆ گەیشتن بە هەر ئامانجێک لە ڕژێمی زایۆنیستی و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی تاران لە ئاستی ئەمنی، یەکڕیزی نیشتمانی، سەرچاوەکان، مافی خەڵک و دۆسیەی ناوەکی بەهێزتر کردووە و هێزی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بۆ دۆست و دوژمن ئاشکراتر بوو.
لە لایەکی دیکەوە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە لەوەدا سەرکەوتوو بووە کە هێزی نەرمی ئێران زیاتر بکات، لە بەر ئەوەی کە ئێران وەک هێزێکی گەورەی ناوچەکە لە بواری درۆن و مووشەک بۆ هەمووان سەلمێندراوە و ئەم هێزەش بە ئاشکرا پشتیوانی لە ئامانجەکانی گەلی فەڵەستین و لایەنەکانی خۆڕاگری دەکات.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هێرشەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەرییەکی بەرچاوی لە سەر ڕەوتی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی و ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت و هاوکات ئەوەشی سەلماند کە پەیوەندی نێوان لایەنەکانی خۆڕاگری لە ناوچەکە بەهێزتر بووە و ئامانجەکانی گەلی فەڵەستینیشی لە ئاستی جیهاندا کردووەتە بابەتێکی سەرەکی، بە پێچەوانەی ئەوەی کە زایۆنیستەکان و ئەمریکییەکان هەوڵیان بۆ داوە.
بە هەر شێوازێک، ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆیانە، بەرەی خۆڕاگری و لە سەروی هەمووانیشەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک هێزێکی سەربەخۆ، بەهێز و بەشدار لە هاوکێشەکانی داهاتووی ناوچەکە بە تایبەت لە ڕووی جێگیربوونی سەقامگیری، هاوکاری و گەشەی ناوچەیی بۆ هەمووان ئاشکراتر کردووە./.