بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جۆن مێرشایمر زانا و بیرمەندی زانستە سیاسییەکانی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا جەختی لە سەر لاوازبوونی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی غەززە کردەوە.
ناوبراو وت: گومان لەوەدا نییە کە ئیسرائیل حەماسی تووشی شکست نەکردووە. بە پێی ڕاگەیاندنەکانی ئیسرائیل لە سەرەڕای شەڕی غەززە حەماس خاوەنی 40 هەزار چەکدار بووە و تەل ئەبیب باس لە کوژرانی 12 هەزار لەوان دەکات، ئەگەرچی ئەم ئامارە تەنیا بانگەشەی ئیسرائیلە و ڕاستییەکەی سەلمێندراو نییە، بەڵام ئەگەر بە راستیشی بزانین بۆمان دەردەکەوێت کە هێشتا حەماس خاوەن چەکدارێکی زۆرە و تونێلەکان زۆربەیان ماونەتەوە.
ئەو شارەزا ئەمریکییە وتی: خاڵی گرنگ ئەوەیە کە ئیسرائیل زۆربەی هێزەکانی لە غەززە کشاندووەتەوە و تەنیا فەوجێک لەوێ ماوە، چۆن حەماس شکست دەدات بووەتە پرسیار و وەڵامەکەی ئەوەیە کە حەماس تووشی شکست نەبووە.
مێرشایمر وتی: لە ڕاستیدا حەماس براوەی شەڕی غەززە دەبێت، ئەم شەڕە ڕادەگیرێت و لەو کاتەدا حەماس ئاهەنگ دەگێڕێت و دەڵێت ئێمە ماوینەتەوە و سەرکەوتوو بووین.
ناوبراو وتی: ئەگەر میدیاکانی ئیسرائیل بخوێننەوە کە من ڕۆژانە سەیری ئەوان دەکەم، کەسانێکی زۆر هەن کە دەڵێن و دەزانن ڕێگایەک بۆ شکستی حەماس بوونی نییە./.