بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی یدیعۆت ئەحارۆنۆت لە ڕاپۆرتێکدا شکستی ڕژێمی زایۆنیستی بە سەرۆکایەتی بنیامین نتانیاهۆی لە شەڕی غەززە ڕاگەیاندووە.
لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە تەنانەت تیرۆری کوڕەکان و نەوەکانی ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس لە ڕۆژی 10 ی نیسان ی 2024 لە کەمپی ئاوارەکانی شاتی، هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت و شکستی ئیسرائیل ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە حەماس لە هەر شوێنێک کە هێزەکانی ئیسرائیل پاشەکشە دەکەن، بوونی هەیە و ئەوان تەنانەت چاودێری دابەشکردنی هاوکارییەکان دەکەن، سەبارەت بە سەقامگیری نرخەکان لە غەززە دڵنیایی دەدەنە خەڵک و بە دوای ئەو کەسانەشدا دەگەڕێن کە گومانی هاوکاریکردنی ئیسرائیلیان لە سەرە.
ئەو ڕۆژنامەیە ڕایگەیاندووە کە لەناوبردنی حەماس وەک ئامانجی یەکەمی شەڕی غەززە مسۆگەر نەبووە لە بەر ئەوەی کە ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی نتانیاهۆ خۆی لە تاوتوێکردنی هەر پلانێکی جێگرەوە بۆ کەرتی غەززە بە دوور گرتووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەشێکی دیکەی شکستەکەی ئیسرائیل بۆ نەبوونی ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی دیلەکان دەگەڕێتەوە و حەماس بەردەوام لە سەر هوڵوێستەکانی ماوەتەوە و دەزانێت کە بەردەوامی شەڕ بە بێ هیچ ڕێکەوتنێک، تەنیا ناکۆکییەکانی نێوان تەل ئەبیب و واشنتن زیاتر دەکات.
ڕاشیگەیاندووە کە نتانیاهۆ لە گەڵ ئەمریکا وەک گەورەترین هاوپەیمانی ئیسرائیل تووشی شکست بووە و حەماس بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن پەلەی نییە و خوازیاری ئەوەیە کە بە بەردەوامی ئەم دۆخە، شکستێکی گەورە و ستراتیژی بۆ نتانیاهۆ و تەل ئەبیب بخوڵقێنێت./.