فەرهاد قادر لە چاوپێکەوتنی پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر باڵاخانەی کۆنسووڵیی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیمەشق، وتی: بە پێی یاسای نێودەوڵەتی، کۆنسووڵخانە و باڵیۆزخانەی وڵاتان لە جیهاندا پارێزراون لە هێرشی ناوخۆیی و دەرەکی، لە بەر ئەوەی کە بەشێکن لە سەروەری وڵاتان.
ناوبراو وتی: زۆربەی بۆچوونەکان ئەوەیە کە ئێران کاردانەوەی لە بەرامبەر ئەو هێرشە دەبێت، بەڵام ڕەنگە کاردانەوەکە لە ناوخۆی ئیسرائیل (فەڵەستینی داگیرکراو) نەبێت و لە دەرەوە ئەو وەڵامە بدرێتەوە.
ئەو چالاکوانە هەڵەبجەییە وتی: ڕەنگە ئێران و ئیسرائیل نەیانەوێت شەڕێکی ڕاستەوخۆیان هەبێت و وەک ڕابردوو لە دەرەوە و بە ناڕاستەوخۆ وەڵامی یەکتر بدەنەوە.
وتیشی کە سوریا بووەتە چەقی ململانێکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ڕووسیا و ئەمریکا، کورد و تورکیا و …. و ئەوەش کە ڕوویداوە لە چوارچێوەی زیاتر لە چوار دەیە ململانێی ناوچەییدا بووە و چاوەڕوان دەکرێت ئێران وەڵامی هێرش و بۆردومانەکەی دیمەشق بداتەوە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد