بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید عەمار حەکیم ئەمڕۆ چوارشەممە 10 ی نیسانی 2024 لە وتاری جەژنی پیرۆزی ڕەمەزان، وتی: لە ئاستی ناوچەیی، ناوچەکەی ئێمە بژاردەیەکی بەدەر لە ئاشتی نییە و بە بێ ناسینی فەرمی مافی هەمووان، ئاشتی مسۆگەر نابێت.
ناوبراو بە ئاماژە بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە غەززە، وتی: شەڕەنگێزی و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بووەتە بەربەست لە بەردەم هەر هەوڵێک بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامی، بە ڕادەیەک کە لە هەر شوێنێک هەوڵێک بۆ ئاشتەوایی لە نێوان وڵاتانی ناوچەکە هەبێت، زایۆنیستەکان دەستبەجێ بۆ خوڵقاندنی ئاڵۆزی و قەیران دەچنە پێشەوە.
سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق وتی: ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان بە ئاشکرا پێشێل دەکات و ڕێز لە بەها مرۆییەکان ناگرێت و سەرەڕای بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی بەپەلەی غەززە، ئەو ڕژێمە ناپاکە لە بەرامبەر داواکارییە جیهانییەکاندا نابیست بووە و لەم نێوەندەشدا بێدەنگی کۆمەڵگای جیهانی گوماناوییە.
سەید عەمار حەکیم وتی: ڕژێمی زایۆنیستی نوێنەرایەتی گوتاری توندووتیژی، توندڕەوی و ڕق و کین دەکات و پێویستە وڵاتانی جیهان لە ڕاستییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی تێبگەن و بە درۆ و فریوەکانی ئەو ڕژێمە فریو نەدرێن کە بە داخەوە کاریگەری لە سەر ئەڵقە باڵاکانی بڕیاردانی جیهانیش هەیە./.