کامیل مەحمود لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر بینای کۆنسووڵیی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دیمەشق، وتی: کارەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە دەرەوەی یاسا و نەریتە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها لە دەرەوەی ئەخلاقی مرۆڤایەتییە، هەموو ئەوەش کە دەیکات تێپەڕاندنی هێڵە سوورەکانە.
ناوبراو وتی: کوشتنی زیاتر لە 30 هەزار کەس لە خەڵکی بێ تاوانی غەززە، کوشتنی ئەندامان و فەرمانبەرانی ڕێکخراو و دەزگا فریاگوزارییەکان کە کەسانی ئەمریکی و ئەورووپیشی تێدا بووە، وەک دوایین تاوانیش ئەوە بوو کە هێرشی کردە سەر بینای کۆنسووڵیی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق کە ئەمەش تاوانێکی زۆر گەورەیە و تێپەڕاندنی عورف و یاسای نێودەوڵەتییە و وەک پەلاماردانی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
کامیل مەحمود لە درێژەدا وتی: ئامانجی ڕژێمی زایۆنیستی لەم تاوانە، پەلکێشکردنی وڵاتانی ناوچەکەیە بۆ ئەو تەنگەژەیە لە غەززە درووستیکردووە، بۆ ئەوەی بازنەی تەنگەژەکە زیاتر بکات تا شکستەکانی پێ بشارێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییەی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئامانجەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ڕژێمی تەل ئەبیب دەیەوێت شکستەکانی لە غەززە بشارێتەوە، ئامانجەکانی ئەو ڕژێمە لە شەڕی غەززە بەدینەهاتووە، بۆ ئەمەش دەیەوێت وڵاتانی دەوروبەر یان لایەنەکانی دیکە پەلکێشی ناو شەڕەکە بکات.
وتیشی کە کۆماری ئیسلامی ئێران ووشیارتر لەوەیە کە خۆی بخاتە ناو شەڕێکی وەهاوە و ئەو خزمەتە بە قەوارەی زایۆنیستی بکات و دەستەوەستانیش نابێت و تۆڵەی خۆی دەکاتەوە، بە ڕاستەوخۆ بێت یان لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیەوە بێت، لە بەر ئەوەی کە هێرشەکەی دیمەشق ڕاستەوخۆ دوژمنایەتی لە دژی ئێران بووە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد