بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فیلیپ لازارینی ڕایگەیاند کە وشەکان ناتوانن پێناسەی تاوانەکانی شەڕی شەش مانگە لە دژی غەززە بکەن، هەموو شتێک لەناوچووە، نەخۆشخانەکان و بارەگاکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێچەوانەی یاسا مرۆیی و نێودەوڵەتییەکان ڕووخاوە و سەرجەم هێڵە سوورەکان پیشێلکراون.
ناوبراو وتی: ژیانی دوو ملیۆن کەس لە کەرتی غەززە لە یەک چرکەدا لەناوچوو و ژمارەیەکی زۆر کەسانی ئازیزی خۆیان لە دەست داوە. هەموو شتێک دەگمەنە و دەست ناکەوێت، جگە لە دڵە خەمین و تازیەبارەکان نەبێت.
لازارینی وتی: ئەمە خەراپترین شەڕە لە بواری بەکارهێنانی ئەو تەکنۆلۆژیانەی کە بۆ زیان گەیاندن بە مرۆڤەکان بەکار دەهێندرێن.
سەرۆکی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاوارەکانی فەڵەستین وتی: برسێتی درووستکراوی مرۆڤ تەرمی کۆرپە و منداڵان دەخوات و ئەو برسێتییەش بە هۆی گەمارۆکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە درووست بووە، دۆخەکەی خەراپتر کردووە و مرۆڤ وا بیر دەکاتەوە کە لە سەردەمێکی دیکەدا دەژی.
وتیشی کە هاوکات لە گەڵ ئەم هەموو تاوانە، هێرشی سەر بارەگاکانی ئۆنروا وەک گەورەترین دەزگای فریاگوزاری لە کەرتی غەززە بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی ئەم دەزگایە و بێبەشکردنی ملیۆنان فەڵەستینی لە هاوکارییەکانی بەردەوامە./.