بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسین ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەمڕۆ یەک شەممە 7 ی نیسان ی 2024 لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ بەدر بوسەعیدی وەزیری دەرەوەی عۆمان لە شاری مەسقەت، وتی: سەردانەکەم بۆ مەسقەت لە پێناو بەردەوامی ڕاوێژە لە گەڵ بەڕێز بوسەعیدی و بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵاتە لە بوارە جیاجیاکان.
ناوبراو وتی: لەو بڕوایەداین کە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، یارمەتیدەری ئاسایش، سەقامگیری و گەشەپێدانی ناوچەکە دەبێت و کێشەکانی ناوچەکەش پێویستی بە هاوکاری و چارەسەری گشتی لە لایەن وڵاتانی ناوچەکەوە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژە بە بەردەوامی شەڕی غەززە و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە گێژاوی غەززەدا نوقم بووە و بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی لەم شەڕەدا نەگەیشتووە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ڕژێمی زایۆنیستی ناوچەکە بەرەو شەڕێکی بەربڵاو دەبات و لەم پێناوەشدا لە لایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.
وتیشی کە لە سەر هێرشە تیرۆریستییەکەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر باڵاخانەی کۆنسووڵیی ئێران لە دیمەشق، پەیامێکی ڕوونمان بۆ ئەمریکا ناردووە و ئەو وڵاتە ناتوانێت خۆی لە بەرپرسیارێتی تاوان و کردەوەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بدزێتەوە./.