بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەسەن نەسروڵڵا لە وتارێکدا بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی قودس، هاوخەمی خۆیی بە بۆنەی شەهیدبوونی ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەربازیی ئێران لە دیمەشق دەربڕی و وتی: ئێمە لە بەرەی خۆڕاگریدا بە ئاسۆی ڕوونی سەرکەوتن شەڕ دەکەین و سەرەڕای ئەو هەموو ئێش و ئازارانەی دەیبینین و ئەو گیانفیداییەی کە دەیکەین، ئەم ئاسۆیە بۆ ئێمە ڕوونە، ئەمەش زۆر گرنگە کە خۆڕاگرانە بەردەوام بین و بە هیوایەکی گەورە و ڕوون بەوەی کە ئەنجامی شەڕ، سەرکەوتن بۆ ئێمە دەبێت، لە گۆڕەپانەکەدا بمێنینەوە و بەرەی خۆڕاگری سەرکەوتنە گەورەکە مسۆگەر بکات.
ناوبراو بە ئاماژە بە شەڕی غەززە، وتی: نتانیاهۆ پاش شەش مانگ لە شەڕی غەززە بە هیچ یەک لە ئامانجەکانی بە تایبەت ئازادکردنی دیلەکان، لەناوبردنی حەماس و لایەنەکانی خۆڕاگری نەگەیشتووە و داگیرکاران هیچ پلانێکیان بۆ پاش ئەم شەڕەش نییە.
سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی: ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا مانەوەی ڕژێمی زایۆنیستیی ڕوبەڕوی مەترسی کردووەتەوە و ئەمەش ڕووداوێکی مێژووییە لە ناوچەکەی ئێمە کە قۆناغی دواتری وەک ئەوەی ڕابردوو نابێت، چ بۆ دۆستان و چ بۆ دوژمنان. ئێمە بەردەوام ئەوە لە بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنیستی دەبیسین کە لە ساڵی 1948 تا ئێستا ڕووداوی وەهایان نەبینیوە.
ئەمینداری گشتی حزبوڵڵای لوبنان بە ئاماژە بە دۆخی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی لە پاش ئۆپەراسیۆنی زریانی ئەقسا، وتی: ئەنجامی ڕاپرسییەلام لە شارۆچکەکانی باکوری فەڵەستینی داگیرکراو پیشان دەدات کە لە سەدا 80 ی دانیشتووانی شارۆچکەکان نایانەوێت بۆ ئەم ناوچەیە بگەڕێنەوە و ئەمەش لێدانێکی گەورەیە لە پرۆژەی درووستکردنی شارۆچکەکان لە لایەن ڕژێمی داگیرکارەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پەراوێزکەوتنی ڕژێمی زایۆنیستی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، وتی: بۆ یەکەم جارە لە مێژوودا و لە ساڵی 1948 تا ئێستا ڕژێمی زایۆنیستی هەست بە زیان و دۆڕان لە ئاستی نێودەوڵەتی دەکات و زۆربەی وڵاتان باس لە ڕاگرتنی هەناردەی چەک بۆ ئەو ڕژێمە دەکەن. دەبینین کە بایدن داوا لە نتانیاهۆ دەکات بەپەلە شەڕ ڕابگرێت، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە بایدن لە ژێر گوشاری ڕای گشتی جیهاندایە و لە ئاستی نێودەوڵەتی تووشی زیانێکی زۆر بووە./.