بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانی قودس وتی: ڕژێمی زایۆنیستی خەنجەرێکە کە سیستەمی شەیتانیی بەریتانیا لە 75 ساڵی ڕابردوو لە جەستەی جیهانی ئیسلامی داوە و پاش ئەوەش ئەمریکای تاوانبار لە هەموو ڕوویەکەوە زایۆنیستەکانی پشتیوانی کردووە تا ببێتە ئامرازێک بۆ کۆنتڕۆڵکردن و داڕشتنی سیاسەتەکانی ئەمریکای تاوانبار لە ناوچەکە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ ئەمریکا بە هۆی پشتیوانیکردنی ڕژێمی زایۆنیستی و تاوانەکانی ئەو ڕژێمەوە، لە ڕوانگەی ڕای گشتی جیهانەوە دەسەڵاتێکی نەفرەتلێکراوە و واشنتن بە هاوبەشی تاوانەکانی زایۆنیستەکان بە تایبەت لە شەش مانگی ڕابردووی غەززە دەزانن.
سەلامی وتی: ئەمریکا ئامادە نییە واز لە ڕژێمی زایۆنیستی بێنێت، ئەمڕۆ ڕژێمی زایۆنیستی بە پشتیوانییەکانی ئەمریکا زیندووە بەڵام ڕووخان و لەناوچوونی نزیک بووەتەوە.
فەرماندەی سوپای پاسداران وتی: ئەو پەیامانەی کە لە ناو غەززەوە بە ئێمە دەگات، ئەوەیە کە ئێمە هیچ کێشەیەکمان بۆ بەردەوامی ئەم خۆڕاگرییە نییە، فەڵەستینییەکان دەڵێن کە ئێمە زایۆنیستەکان لە غەززە دەنێژین و ڕێگایەک بۆ ڕزگاربوونی ئەوان نییە. زایۆنیستەکان دەبێت لە نێوان ژیان و مردندا یەکێک هەڵبژێرن، ڕێگای ئەوان خۆبەدەستەوەدانە.
ناوبراو وتی: ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران فەرموویانە کە تێکۆشەرانی ئێمە ڕژێمی زایۆنیستی سزا دەدەن. ئەو ڕژێمە ناتوانێت لەو پیلانانەی درووستی کردووە ڕزگاری بێت، لە بەردەستە و دەزانێت چی ڕوو دەدات. ئێمە هۆشداری دەدەینەوە کە هیچ کردەوەیەکی دوژمن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بێ وەڵام ناهێڵینەوە./.