بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران شەوی سێ شەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفوونیی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا، سەبارەت بە تاوانەکەی ڕژێمی زایۆنیستی لە بۆردومانکردنی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دیمەشق، ڕایگەیاند کە ئەم کردەوە تیرۆریستییە پیشاندەری لاوازبوون و بەرەو لەناوچوونی ڕژێمی زایۆنیستییە و بێگومان ئەو ڕژێمە لایەنگرانی دەبێت بە هۆی ئەم تاوانە و تاوانە دڕندانەکانی لە کەرتی غەززە سزا بدرێن.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە هەڵوێستی هاوبەشی تاران و دیمەشق لە دژی ڕژێمی زایۆنیستی، جەختی لە سەر پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە بەرامبەر ئەو ڕژێمە تاوانبارە کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرەڕای ئەم هەموو تاوانە، ئەمریکا و ژمارەیەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەردەوام پشتیوانی لە زایۆنیستەکان دەکەن./.