بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و سامح شوکری لەو وتووێژەدا، دوایین هەوڵە ئەرێنییەکانی چەند مانگی ڕابردووی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانیان تاوتوێ کرد و سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بە پێی ئیرادەی سیاسی سەرکردە سیاسییەکانی هەر دوو وڵات، بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.
هەر دوو وەزیری دەرەوەی ئێران و میسر وێڕای تاوتوێکردنی دوایین گۆڕانکارییەکانی غەززە و بەردەوامی هێرش و تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی، نیگەرانی خۆیان لە بەردەوامی کوشتاری ژنان و منداڵانی فەڵەستینی لە لایەن زایۆنیستەکانەوە دەربڕی و جەختیان لە سەر بەردەوامی هەوڵ و جموجوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان لە پێناو ڕاگرتنی بەپەلەی هێرشەکان بۆ غەززە، جێبەجێکردنی بڕیاری ئاگربەستی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتووانی غەززە کردەوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و شوکری هەر هەوڵێکی دوژمنی زایۆنیستییان بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان لە خاکی خۆیان ڕەتکردەوە و جەختیان لە سەر پێویستی ڕێگریی نێودەوڵەتی لە هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر شارۆچکەی ڕەفەح لە باشوری غەززە کردەوە./.